چین چۆن لە بواری تەكنۆلۆجیادا ركابەری ئەمەریكا دەكات؟

:: PM:06:15:13/12/2018 ‌

بەمدواییە دەسەڵاتدارانی كەندا "منج وانزۆ"، بەڕێوەبەری دارایی كۆمپانیای هواوی چینیان لەسەر داوای حكوومەتی ئەمەریكا گرت، میدیاكانی ئەمەریكا لەو بارەوە گوتیان كە ئەمەریكا لێكۆڵینەوە لە پێشێلكاری گریمانكراوی كۆمپانیاكە دەكات بۆ سزاكانی سەر ئێران. ئەگەرچی دواتر بەهۆی هەڕشەكانی چین، كەنەدا ئازادی كرد، بەڵام دەتوانرێت بە بەشێك لەو ململانێیەی چین و ئەمەریكا لە بواری تەكنۆلۆجیا دابنرێت.

یاسادانەرانی ئەمەریكا بە بەردەوام كۆمپانیای هواویان بەوە تۆمەتبار كردووە كە هەڕشە دروست دەكات بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و وای دادەنێن كە ئەو تەكنۆلۆجیایەی بەكاری دێنێت، رەنگە سوودی لێ وەربگیرێت بۆ سیخوڕیكردن بۆ بەرژەوەندی حكوومەتی چینی، ئەوەیش لە سایەی ململانێی هەردوو وڵات لەسەر باڵادەستیی بەسەر تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو، كاتێك چین هەوڵ دەدات سەركردایەتی جیهان بكات لە بواری تەكنۆلۆجیا و ئەمەریكایش هەوڵی پارێزگاریكردن لە پێگەی خۆی دەدات وەك پێشەنگێك. 

كۆمپانیای هواوی گەورەترین بەرهەمهێنەری كەلوپەلی پێوەندیكردنە لە دنیا و سێیەم بەرهەمهێنەری مۆبایلی زیرەكە و خاوەن ژمارەیەكی بێشوماری نووسینگەكانی لێكۆڵینەوە و پەرەپێدانە و خاوەن دەیان هەزار بڕوانامەی داهێنانیشە، بۆیە بە گەورەترین كۆمپانیای بواری پێوەندیكردنی چینی لە جیهان دادەنرێت و بەرهەمەكانی لە 170 دەوڵەت لە سەرانسەری دنیا بڵاو بووەتەوە و هەزاران بڕوانامەی داهێنانی لە ناوخۆ و دەرەوەی چین وەرگرتووە و تاكە كۆمپانیای چینیشە كە هێما بازرگانییەكەی لە پۆلێنی ساڵانەی "فۆربس"، لە ریزی پێشەوەیە و بەهاكەی گەیشتووەتە 8.4 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی، بۆیە پێشبینی دەكرێت گرتنی بەڕێوەبەری دارایی كۆمپانیاكە و كچی خاوەن كۆمپانیاكە "مینج وانزۆ"، ئەڵقەیەك بێت لە زنجیرەی پەرەسەندنی ئەمەریكا لە دژی چین.

شی جین بینگ، سەرۆكی چین لە دوای هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە لە ئازاری 2013 بڕیاری دا بە گۆڕینی بیروباوەڕی پیشەسازی چین، ئەوەیش بۆ ئەوەی خۆی لە پاشكۆیی لە رووی تەكنۆلۆجیاوە بۆ رۆژئاوا رزگار بكات و ببێتە یەكێك لە زلهێزەكان لە بوارەكە، لێرەوە بیرۆكەی ستراتیجیەتی "دروستكراوەی چینە 2025" سەری هەڵدا بە مەبەستی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی بە هەوڵ و كۆششی خودی لە چەندان رووەوە كە هەر هەموویان گرنگی بە پیشەسازی و تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو دەدەن، نەوەك پیشەسازی هەرزانبەها و كەم پێویست بۆ وزە، یەكێك لەوانە پاڵپشتیكردنی كۆمپانیا تەكنۆلۆجییە گەورەكانی وەك Baidu, Alibaba, Tencent, ZTE, WeChat بۆ بەرەبەرەكانیكردنی كۆمپانیاكانی هەمان بواری ئەمەریكایی Google, Facebook, Apple, Amazon.

بەمدوایە كۆمپانیای ئەپڵ گورزێكی گەورەی بەر كەوت دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی چین بڕیارێكیان دەركرد بە قەدەغەی فرۆشتنی هاندەكانی ئایفۆن لەو وڵاتە، بەگوێرەی بڕیارەكەیش هاندەكانی ئایفۆن6 ئێس كە لە 2015ەوە بەرهەم هاتووە تا ئایفۆن ئێكس كە ساڵی رابردوو خرایە بازاڕەكانەوە قەدەغەی فرۆۆشتنی لە چین دەكرێت، بەڵام هاندەكانی ئێكس ئێس و ئێكس ئێس ماكس و ئێكس ئاری نوێ بڕیارەكە نایانگرێتەوە.

لای خۆیەوە سۆندار بیچای، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گووگڵی ئەمەریكایی رای گەیاند كە كۆمپانیاكە پلانی دانانەوەی بزوێنەری بگەڕی لە چین نییە، ئەگەرچی تاوتوێی بیرۆكەكە دەكات، ئەوەیش لەو كاتەی ماڵپەڕی سەرەكی گووگڵ لە 2010ەوە لە چین قەدەغە كراوە.  

مەترسییەكانی ئەمەریكا لە بەرانبەر زیادبوونی باڵادەستیی چین بەسەر تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو تا دێت زیاتر دەبێت كە هەڕەشە لەسەر ئاستەكانی ئابووری و سەربازی بۆ واشنتن دروست دەكات، لای خۆیەوە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكا بڕیارێكی دەركرد بە قەدەغەكردنی كڕینی پرۆسیسەری مۆبایلی زیرەكی دروستكراوی كۆمپانیای كوالكۆمی ئەمەریكایی لە هەردوو كۆمپانیای هواوی و "ZTE"ی چینی، ئەوەیش بەهۆی پێشێلكردنیان بۆ مەرجەكانی بەڕێوەبەرایەتی هەناردەكردنی ئەمەریكا و فرۆشتنی بەرهەمەكانیان بۆ ئێران، جبا لەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رێگری لە كۆمپانیای "برۆدكۆم لیمیتد"ی سەنگاپوورەیی كرد لە سەپاندنی دەسەڵاتەكانی بەسەر كۆمپانیای كوالكۆم لە گرێبەستێكی مێژوویی بە بەهای 142 ملیار دۆلار بەهۆی تۆمەتباركردنی بە لاوازكردنی ئەمەریكا لە بەرانبەر چین.

جیا لەوە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی سەپاندنی كۆت بەسەر ئەو كۆمپانیایانە دەدات كە بە رێژەی 25% زیاتر خاوەنداریەتیان چینییە و ئەوانەیشی هەوڵی وەبەرهێنان یان كڕینی تەكنۆلۆجیای پێشكەوتووی ئەمەریكا دەدەن لە بوارەكانی پێوەستن بە ئاسایشی نەتەوەیی، بۆیە بەشێك لە شرۆڤەكاران وا سەیری پەرەسەندنی توانای چین لە بواری تەكنۆلۆجیا دەكەن كە ئاڵۆزی نێوان هەردوو وڵات زیاتر دەكات، بەتایبەتی لە بورای زیرەكی دەستكرد، چونكە بەكارهێنانی سەربازی و مەدەنیان هەیە و ئەگەری دروستكردنی شۆرشێكیان هەیە لەو دوو بوارەدا.

ململانێی چین لەگەڵ ئەمەریكا ئێستە رەنگە لە بەرژەوەندی خۆیدا نەبێت، چونكە كەرتی پیشەسازی چینی تا ئێستە لە رووی كوالیتییەوە لە ئاستی پیشەسازی ئەمەریكا و ئەڵمانیا و ژاپۆن نییە، بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو رەنگە هاوەسەنگییەكە بۆ بەرژەوەندی چین یەكلا بێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل