وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆچی سەردانی عێراقی كرد؟

:: PM:08:35:13/12/2018 ‌

تا دێت هەنگاوەكانی لێكنزیكبوونەوەی ئەمەریكا و عێراق خێراتر دەبن، ئەوەیش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە سوودوەرگرتن لە وەبەرهێنانی ئەمەریكا لە عێراق بە هەموو شێوەكانیەوە و هەوڵدان بۆ بەدەركردنی عێراق لە جێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران كە زیاتر كار دەكاتە سەر گەلی عێراق بەهۆی پشتبەستنی بە كاڵا و كارەبای ئێرانییەوە، لەو كاتەی عێراق دووپات لە پێویستی پەرەپێدانی پێوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن دەكاتەوە و داوایشی لێ دەكات لە پاڵپشتیكردنی بۆ ئاوەدانكردنەوەی و گەیشتن بە پڕكردنەوەی خۆیی پێویستییەكانی بەردەوام بێت.   
بەپێی بەیاننامەیەكی حكوومەتی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە 11ی ئەم مانگە پێشوازی لە ریك بێری، وەزیری وزەی ئەمەریكا كردووە لە بەغدا و دووپاتیان لە گرنگی پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات كردووەتەوە لە هەموو بوارەكانەوە و پێویستی فرەوانكردنی هاریكاری لە بواری وزە و نەوت و دۆسیەی ئابووری بە گشتی. 

لای خۆیەوە وەزیری وزەی ئەمەریكا دووپاتی لە پاڵپشتیكردنی حكوومەتی عێراق كردەوە لە هەموو بوارەكان لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە و پەرەپێدانی ئابوورییەكەی، بەتایبەتی لە پڕۆژەكانی بواری وزە و ئامادەبوونیشی لە بەغدا پەیامێكی بەهێزە بەوەی ئەمەریكا پابەندە بە باشتركردنی ئابووری عێراق و كەرتی وزە بە تایبەتی.

دووپاتی كردەوە، هەلەكانی پەرەپێدانی كەرتی وزە و فێركردن و تەندروستی و ئابووری لە عێراق زۆرە و لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گرنگی بە باسكردنی چۆنیەتی پتەوكردنی هاریكاری هاوبەش لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر ئاستی حكوومەت و كەرتی تایبەت دراوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی سەركەوتن لە كەرتی ئابوورییەوە. 

وەزیری وزەی ئەمەریكا دووپاتی لە پاڵپشتی تەواوی وڵاتەكەی بۆ عێراق و ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی میكانیزمی هاریكاری زانستی و تەكنیكی و لۆجیستی لەسەر ئاستی بنیاتنان و وزە و بووژانەوەی ژێَرخان و كاراكردنەوەی ئەو هاوكارییەی هەیە بە كردەنی و بە شێوەیەكی رژد لە رێگەی وەبەرهێنانی جیاواز كردەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە 8ی ئایاری رابردوو پاشەكشەی وڵاتەكەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند كە لە 2015 واژوو كرابوو بەهۆی ئەوەی كەموكورتی زۆری تیادایە، بۆیە سەپاندنەوەی سزاكانی بەسەر ئێران راگەیاند كە یەكەم گەڕی سزاكان لە مانگی ئابی رابردوو و دووەم گەڕیش لە تشرینی دووەم هاتە سەپاندن كە كەرتەكانی وزە و دارایی و گواستنەوەی دەریایی گرتەوە.

بەهۆی لێكنزیكی جوگرافی و ئەو سنوورە دوورودرێژە هاوبەشەی هەیانە، عێراق تا رادەیەكی زۆر پشتن بە ئێران دەبەستێت لە رووی هاوردەكردنی مادەی خۆراك و بەرووبوومی كشتوكاڵی و كەلوپەلی ماڵەوە و هیتریش، یەكێك لەو شتانەی كە عێراق پشت بە ئێران دەبەستێت و تا ئێستە نەیتوانیوە دەستبەرداری ببێت كارەبا و گازی ئێرانە، بۆیە ئەمەریكا كار بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوە بۆ عێراق دەكات بۆ دەستبەرداربوون لە ئێران، ئەویەش لە چوارچێوەی سزاكانی بۆ سەر ئەو وڵاتە كە فشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ بڕینی پێوەندی ئابووری لەگەڵ تاران بەتایبەتی لە بواری وزەوە. 

عێراق لە دابینكردنی وزەی كارەبا 45%ی پشت بە ئێران دەبەستێت و دوای ئەوەی واشنتن بواری 45 رۆژی بە عێراق دا تا شوێنگرەوەی ئێران بدۆزێتەوە، كەچی عێراق تا ئێستە هیچی نەكردووە، لەو كاتەی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا داوایان لە بەغدا كردووە كە پشت بەوان ببەستێت بۆ دابینكردنی وزەی كارەبا و ببنە شوێنگرەوەی ئێران.

زیاتر لە 30 رۆژ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە كە ئەمەریكا بۆ عێراقی دیاری كردووە بۆ پابەندبوونی بە سزاكانی سەر ئێران، لەوكاتەی عێراق لە بارەی گاز و كارەباوە تا رادەیەكی زۆر پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام تا ئێستە هیچ ئامادەسازییەكی نەكردووە و ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراقیش ئەو بابەتە بە گەندەڵییەوە دەبەستێتەوە.

شارەزایانی عێراق دووپاتی دەكەنەوە كە ئێستە شوێنگرەوە بۆ گاز و كارەبای ئێرانی بۆ عێراق نییە بەتایبەتی لەو ماوەیەی بۆ عێراق دیاری كراوە، بۆیە عێراق بۆ ئەو قۆناغە ئامادە نییە كاتێك بۆ بەرهەمهێنان و دابینكردنی كارەبا بە بڕی پێنج هەزار مێگاوات، كە دەكاتە سێیەكی كارەبای عێراق، پشت بە ئێران دەبەستێت، بۆیە زەحمەتە بتوانێت بەو خێراییە شوێنگرەوەیەك بدۆزێتەوە، بەتایبەتی سعوودیە كە وەزارەتی كارەبا بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەی ئێران لە كارەبا پێویستی بە دوو ساڵ هەیە.

هاوكات شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە عێراق ناتوانێت پشت لە ئەمەریكا بكات، چونكە رێككەوتننێكیان لە نێوان هەیە بەوەی لە 2004ەوە ساڵانە بڕی سێ ملیار دۆلار پاڵپشتی بودجەی عێراق دەكات كە تایبەتە بە چەكداریكردن و راهێنانی سوپای عێراق و پاراستنی ئاسمانەكەی، جیا لە پاراستنی سامانەكانی عێراقە لە دەرەوە و پاراستنی كەشتییە نەوتییەكانی عێراق، لەوەیش گرنگتر 20%ی نەوتی عێراق ئەمەریكا هاوردەی دەكات.  

راپۆرتە فەرمییەكان باسی ئەوە دەكەن كە سەرەڕای ئەوەی عێراق تا ئێستە بڕی 40 ملیار دۆلاری لە كەرتی كارەبا خەرج كردووە بۆ چاككردنەوەی، بەڵام بەهۆی بوونی گەندەڵییەكی زۆر نەتوانراوە هیچ شتێك و پێشوەچوونێك بكرێت.

محەمەد فەیسەڵ، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، پرسی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە پرسی ئەو وزەی عێراق پێویستی پێیەتی گەورەترە، بۆ عێراق مەترسییەكە لە رووی ئابووریدایە كە زەرەرمەندی گەورە دەبێت لەو سزایانە كە ئەمەریكا تا دێت هەوڵی زیاتر توندكردنیان و كردنیان بە جیهانی دەدات.

ئاشكرای دەكات، ئەمەریكا هەوڵ دەدات پاساوەكانی عێراق بۆ بەشداری نەكردن لە سزاكانی سەر ئێران ببڕێت و شوێنگرەوەی وزەی لە ئێران دەستی دەكەوێت بۆی دابین بكات، بۆیە پێم وایە شاندی ئەمەریكا كە سەردانی عێراقی كرد بۆ واژووكردنی گرێبەستێكی گەورەی تایبەت بە وزەی كارەبا بە مەبەستی بووژانەوە و بنیاتنانەوەی بە شێوەیەكی پێشكەوتوو و توانای ئەوەی هەبێت پشت بە خۆی ببەستێت.   






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل