پەرلەمانتارێك: مەرجەعیەت لەسەر خەتە و سێشەم وەزارەتەكان تێپەڕ دەكرێن

:: PM:09:00:13/12/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی بینا دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو ناوەندگیرییەی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف لە نێوان هەردوو هاوپەیمانیەتی سائیروون و فەتح پێی هەستاوە، بۆ پاراستنی تەوافوقی هەردوولایە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، روونی كردەوە، لە دانیشتنی سێشەمی پەرلەمان هەموو وەزارتەكانی بەتاڵ پڕ دەكرێنەوە.  

فازڵ جابر ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، مەرجەعیەتی باڵای ئاینی هەوڵ دەدات لە رێگەی ناوەندگیری ئەو تەوافوقە بپارێزێت كە لە نێوان سائیروون و فەتح كراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت و چارەسەركردنی ناكۆكییە سیاسییەكان لە نێوان هەردوولا بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەت و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان.

زیاتر گوتی، هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح دوو لایەنی سەرەكین لە پێكهێنانی حكوومەتی ئێستە و پێویستە لەسەر هەموو شتەكان رێككەون بۆ تەواوكردنی كاری حكوومەتەكە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، هادی عامری و موقتەدا سەدر لە پێوەندیكردن لە رێگەی نامەگۆڕینەوە بەردەوامن لەبارەی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و نامەكانیش باسی پاراستنی ئەو تەوافوقە دەكەن لە نێوانیاندا هەیە و پەلەكردن لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت.

جابر دووپاتی كردەوە، ناكرێت بابەتەكە لەوە زیاتر درێژە بكێشێت وە لە دانیشتنی سێشەمی پەرلەمان كاندیدی هەموو وەزارەتەكانی بەتاڵ ماون، تێپەڕ دەكرێن و هەموو فراكسیۆنەكانیش پابەندن بە گەیشتن بە رێككەوتن لە هەفتەی داهاتوو لەبارەی كاندیدەكان بە مەبەستی نەبوونە بەربەست لەبەردەم كاری حكوومەتی نوێ. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل