له دیرۆكی گه‌لاندا زۆرن ئه‌و سوارچاكانه‌ی به درێژایی ته‌مه‌نیان خزمه‌ت به مێژووی مرۆڤایه‌تیی و گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، له دیرۆكی ئێمه‌ی كوردانیشدا ئه‌وانه‌ی له چه‌ند بوارێكی جیاجیادا سه‌رجه‌م ته‌مه‌نی خۆیان له خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌دا بوون و لێبڕاوانه به‌بێ ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی و به‌رانبه‌ر، به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆژێك له سه‌نگه‌ری دوژمن‌دا كاریان كردبێت، فلسێك سوودمه‌ند نه‌بوون نه خۆیان نه كه‌سێك له ماڵباته‌كه‌یان، به په‌نجه‌ی ده‌ست دێنه ژماردن. یه‌كێك له‌وانه وه‌ك ڕووناكبیر و سیاسه‌توان و مێژوونووسی گه‌وره‌ی كورد پڕۆفیسۆر "جه‌مال نه‌به‌ز"ـه.
جه‌مال نه‌به‌ز كه 55 ساڵه له تاراوگه ده‌ژی، له دووری گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یه‌وه به‌رده‌وام خه‌می نه‌ته‌وه‌كه‌ی له كۆڵ نابوو، له هه‌ر كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بێت، باسی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌ی كردووه و تا ئێسته‌یش زیاتر له 100 كتێب و 500 لێكۆڵینه‌وه و وتاری نووسیوه و ده‌یان كۆڕ و سه‌تان سیمیناری ئه‌نجام داوه.
ئاماده‌بوونم له كۆڕی شیعری دڵشاد عه‌بدوڵای شاعیر كه له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری ئه‌رشیڤ و ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا مێوانداری كرابوو، له رۆژی 4/11/2007 سه‌عات چواری ئێواره، ئه‌م زانیارییانه‌ی لێ به‌رهه‌م هات كه له هۆڵی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و ڕۆشنبیری كوردی له مه‌ڵبه‌ندی كولتووری فاوست به‌ڕێوه چوو.
من له هه‌ر شوێنێك ئاماده‌بووبم به كامێرای ڤیدیۆ هه‌وڵی تۆماركردنی زۆرترین لێدوان و قسه‌كردنم داوه كه بایه‌خی مێژووییان هه‌بووبێت بۆ گه‌له‌كه‌م، له‌م كۆڕه‌دا پڕۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز له‌باره‌ی چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ دوا، به ئاماده‌بوونی چه‌ندان كه‌سایه‌تی وه‌ك مامۆستا جه‌مال خه‌زنه‌دار و ته‌نگه‌زاری شاعیر و خالید شه‌یدا و كه‌ریم گه‌رمیانی نووسه‌ر و ئه‌دیب چه‌لكی و هۆشیاری مه‌لا عه‌وڵای كامووسه‌كی و چه‌ند كه‌سانێكی تر.
پڕۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز یه‌كێك له‌و بابه‌ته به‌نرخ و شاراوانه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه كه‌م كه‌س تا ئێسته ئاگاداریه‌تی، بریتییه له چۆنیه‌تیی گه‌یاندنی په‌یامی كورد به سه‌رۆكی ئه‌وسای میسر جه‌مال عه‌بدولناسر، له كتێبێكدا به‌ناوی (كفاح الاكراد) و كردنه‌وه‌ی پرۆگرامی كوردی له رادیۆی قاهیره، هاته ئاخاوتن و خۆیشم چه‌ندان جار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته قسه‌م له‌گه‌ڵ كردووه، له په‌رتووكی وشه‌نامه‌یش ئاماژه‌ی پێ داوه.
پڕۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز به هێمنی ده‌دوا و منیش زوومی كامێراكه‌م له‌سه‌ر وی دانابوو، جار جار یه‌كێك له ئاماده‌بووان به‌شدارییه‌كی كورتی ده‌كرد و باسه‌كه له زاری پڕۆفیسۆره‌وه به‌رده‌وامی ده‌بوو.
جه‌مال نه‌به‌ز گوتی، "كه جه‌مال عه‌بدولناسر هاته سه‌ر كار، به بیروباوه‌ڕی من كه ئه‌و له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌كان كار ده‌كات، نابێته دۆستی ئێمه، به‌ڵام به لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆم له كار و كردار و هه‌ڵوێسته‌كانی، له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم ئێمه ده‌توانین سوودی لێ وه‌ربگرین بۆ گه‌رمكردن و پێشاندانی كێشه‌ی كورد، كورد له‌و رۆژه‌دا له هیچ كونێكه‌وه دیار نه‌بوو، له هه‌موو ئاسماندا ئه‌ستێره‌یه‌كی نه‌بوو، ناسر به‌ربه‌ره‌كانێی "په‌یمانی به‌غدا"ی ده‌كرد كه ئه‌ندامه‌كانی رژێمی تورك و عێراق و به‌ریتانیا و ئێران و پاكستان بوون، ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا بوو.
دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی بۆ دۆخه‌كه هه‌بووه، بۆیه باشی بۆ چووبوو كه پێوه‌ندی به جه‌مال عه‌بدولناسره‌وه بكات له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا ده‌بێت.
پڕۆفیسۆر به‌رده‌وام بوو له قسه‌كانی، كه له‌گه‌ڵ ره‌حمه‌تی مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی له پاش ئه‌وه‌ی ئێمه كاژیكمان دروست كرد، ئه‌و حه‌له حزب و شتی وا نه‌بوو رۆڵی وای هه‌بێ بۆ كورد خه‌بات بكات، لێم پرسی چۆن ئه‌م بارودۆخه ده‌بینی؟
ئه‌و گوتی: بڕوام نییه ئه‌وانه كار بۆ كورد بكه‌ن.
گوتم: به‌ڵام ده‌توانین دۆخی كوردیان تێبگه‌یه‌نین و وایان لێ بكه‌ین تۆزێك له مه‌سه‌له‌ی كورد تێبگه‌ن، خۆت ده‌زانی جه‌مال عه‌بدولناسر دژی په‌یمانی به‌غدایه، یانی دژی عێراق، ئێران، توركیا و دژی به‌ریتانیایه، ئه‌وانه‌یش هه‌مووی دوژمنی كوردن، له‌به‌رئه‌وه شتێك هه‌یه له ئێمه‌ی نزیك ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها دوای هاتنه سه‌ركاری جه‌مال عه‌بدولناسر هه‌ندێك یاسای ده‌ركرد كه كۆمپانیا گه‌وره‌كان بكات به موڵكی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی فه‌قیر و هه‌ژاره.
هه‌ردی گوتی: راسته ئه‌وه، ئێسته تۆ ده‌ڵێی چی؟
گوتم: من پاسپۆرت ده‌ربێنم و بچم بۆ سووریا له‌وێ شتێك بنووسم و بۆ جه‌مال عه‌بدولناسری بنێرم، وه‌ك نامیلكه‌یه‌ك یان كتێبۆلكه‌یه‌ك.
هه‌ردی گوتی: باشه بڕۆ.
له هاوینی 1956 پاسپۆرتم ده‌ر‌هێنا به بیانووی گه‌شتوگوزار چووم بۆ سووریا و لبنان، كه چووم له‌وێ ئاپۆ عوسمان سه‌بریم ناسی ره‌حمه‌تی لێ بێ، له دیمه‌شق ماوه‌ی 10 رۆژێك به شه‌و رۆژ كارم كردووه له هوتێلی "فه‌له‌ستین و شه‌رق ئه‌لئوردن" كه خاوه‌نه‌كه‌ی "ئه‌بو دیاب ئه‌یووبی كوردی" كوردێكی خه‌ڵكی گه‌ره‌كی تاخی كوردان بوو، نامیلكه‌یه‌كم نووسی به زمانی عه‌ره‌بی به‌ناوی "كفاح الاكراد" یانی خه‌باتی كوردان، زمانی عه‌ره‌بی من باشه له منداڵییه‌وه خوێندوومه و ده‌رسی مه‌لایه‌تیم خوێندووه، بۆیه بۆ من زمانی عه‌ره‌بی زۆر ئاسانه، ئه‌وه‌م پێشكه‌ش كردووه به جه‌مال عه‌بدولناسر.
ئاماده‌بووان پرسییان ئه‌وه ساڵی چه‌ند بوو؟
جه‌مال نه‌به‌ز گوتی، ساڵی 1956، به‌س له‌رێی عوسمان سه‌برییه‌وه توانیم گه‌لێك كه‌س بناسم و هه‌موو رۆژێك له‌گه‌ڵ عوسمان سه‌بری ده‌چووینه ماڵی ره‌وشه‌ن به‌درخان، دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ له‌وێ بوو، له نووسینه‌كانیدا باسی كردووه، له‌وێ ره‌وانشاد ئاپۆ عوسمان سه‌بری چاپخانه‌یه‌كی بۆ من دۆزییه‌وه، چاپخانه‌ی (كه‌ریم كه‌ره‌م) چاپخانه‌كه به دزییه‌وه شتی چاپ ده‌كرد، به‌ڵام به پاره‌ی زۆر، منیش پاره‌م له‌گه‌ڵ خۆم بردبوو بۆ ئه‌وێ، پاره‌ی باشم دایێ كه هه‌زار دانه‌مان بۆ چاپ بكات، كتێبه‌كان بچكۆله بوون، ئه‌و كتێبه ئێسته‌یش ماوه، واته كفاع الاكراد، من پێشكه‌شم كرد به جه‌مال عه‌بدولناسر كه ئێمه‌ی كورد تۆمان خۆش ده‌وێ و... ئه‌مانه.
له ماڵی ره‌وشه‌ن به‌درخان، عه‌زیز شه‌ریفم دیت، ئه‌و محامی و دۆستی كورد بوو، پێیان ده‌گوت محامی الاكراد.
گوتم: بزانه ئه‌و كتێبه‌م نووسیوه.
گوتی: ئه‌وه تۆ نووسیوته؟
گوتم: به‌ڵێ. گوتی ئه‌و كتێبه‌م له ره‌وشه‌ن به‌درخان وه‌رگرتووه.
جا به‌ر له‌وه‌ی من عه‌زیز شه‌ریف ببینم، ئێمه له‌گه‌ڵ عزه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ ئێسته‌یش ماوه ده‌توانن لێی بپرسن، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌ن به‌درخان به دوو ئۆتۆمبێل چووین بۆ لبنان، لبنان زۆر ئازاد بوو، له‌و ئۆتۆمبێله‌ی ره‌وشه‌ن به‌درخان لێی سه‌ركه‌وتبوو خوجێكی گه‌وره‌ی هێنابوو له‌گه‌ڵ خۆی /له‌مكاته‌دا دكتۆر جمال نه‌به‌ز به رێزلێنانه‌وه پڕ به حه‌ماس و شكۆداریی به ده‌نگێكی دلێر گوتی ره‌وشه‌ن به‌درخان مه‌رد بوو به‌ڕاستی یانی ئینسانێكی مه‌رد بوو/. خوجه‌كه‌ی پڕ كردبوو له كتێبه‌كان، ئێمه له ئۆتۆمبێلی دواوه بووین، ئه‌ویش له ئۆتۆمبێلی پێشه‌وه بوو، چووین بۆ به‌یرووت، له‌وێ خستمانه پۆسته‌وه و به پۆست بۆ هه‌موو رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان و سه‌رگه‌وره عه‌ره‌بییه‌كانمان نارد، هه‌تا بۆ سه‌عید قه‌زازیشمان ناردبوو.
به پێكه‌نینه‌وه دكتۆر گوتی: له‌وێ سه‌عید قه‌زاز پێی وابووه ره‌فیق حیلمی بۆ ئێمه‌ی نووسیوه، ئینجا باشه، من كه گه‌ڕامه‌وه بۆ به‌غدا له پێڵاوه‌كانمدا دوو یا سێ دانه‌م له‌گه‌ڵ خۆم هێنایه‌وه، چونكه كتێبه‌كه بچكۆله بوو، خستمه ناو پێڵاوه‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر له‌شم بگه‌ڕێن نه‌یدۆزنه‌وه، یه‌كێك له كتێبه‌كانم دا به مامۆستا ره‌فیق حیلمی، یه‌كێكیشیانم دا به مامۆستا ئه‌حمه‌د نه‌قیب، ئه‌حمه‌د نه‌قیب ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ به‌و كیتابه‌ی من ئه‌ندامی بۆ پارتی په‌یدا ده‌كرد، هه‌ر چه‌ند خۆم پارتی نه‌بووم، ئه‌و خۆی بۆ منی گێڕایه‌وه، ئێسته‌یش ماوه ده‌توانن لێی بپرسن.
ره‌وشه‌ن به‌درخان ئه‌وه‌ی بۆ كردم، له ماڵی ئه‌ویشدا عه‌زیز شه‌ریفم ناسی، گوتم: ئه‌و كتێبه بۆ جه‌مال عه‌بدولناسر نێردراوه، تۆ زۆر ده‌چی بۆ لای سه‌ری لێ ده‌ده‌ی، پێی ناڵێی كارێ بۆ كورد بكات؟.
گوتی: وه‌ك چی كارێ بۆ كورد بكات؟.
گوتم: ده‌توانم له‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانی خۆم قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌م پێت بڵێم، به‌ڵام به بۆچوونی خۆم ئه‌گه‌ر پرۆگرامێكی كوردی له ڕادیۆی قاهیره ببێ زۆرباش ده‌بێ.
گوتی: من ئه‌وه به جه‌مال عه‌بدولناسر ده‌ڵێم بڕوا بكه‌ن.
وه‌ختێ عه‌زیز شه‌ریف له عێراق له گرتووخانه‌دا بوو. خۆی شاردبووه‌وه له دوو جه‌ماعه‌ت ده‌ترسا، یه‌كێكیان شیوعییه‌كان كه خۆیشی شیوعی بوو، به‌ڵام چونكه سه‌ربه مۆسكۆ نه‌بوو، پێیان ده‌گوت ئه‌وه پیاوی ئه‌منه و پیاوی حكوومه‌تی عێراق و ئینگلیز و ئه‌مانه‌یه، كه‌چی نه پیاوی حكوومه‌ت و نه پیاوی ئینگلیز بوو، جارێكیان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال به‌دزییه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی خۆی لێ شاردبووه‌وه چووین، له‌وێ هێنامه‌وه بیری گوتم: له‌بیرته جارێكیان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هاتین بۆ لات؟.
گوتی: "به‌ڵێ راست ده‌كه‌ی". ئه‌وه عه‌زیز شریف، دوایی ئه‌و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یشی زۆر بووین به دۆست و براده‌ر، عه‌زیز شه‌ریف ئه‌م شتانه‌ی به جه‌مال عه‌بدولناسر گوتبوو، كه گه‌ڕامه‌وه به‌غدا (نه‌جمه‌دین عه‌ونی) هه‌بوو برای ره‌وانشاد (محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی) باوكی (دوڕییه خان) ئه‌وه میسری بوو، به‌ڵام له عێراق ده‌ژیا و ره‌گه‌زنامه‌ی میسری هه‌بوو، ده‌هاته دووكانه‌كه‌ی ئوستاد به‌شیر موشیر، زۆر ده‌هاته ئه‌وێ، رۆژێك پێی گوتم: سه‌فیری میسر حه‌ز ده‌كات چاوی پێت بكه‌وێ.
گوتم: باشه چی ده‌وێ؟.
گوتی: خۆی له‌گه‌ڵت قسه ده‌كات. گوتم ئاخر پۆلیس و ئه‌مانه هه‌یه.
گوتی: نا ده‌تبه‌مه ماڵی خۆم، له‌وێ ئۆتۆمبێلی گه‌وره‌ی هه‌بوو، ده‌تخه‌مه ناو سندووقی ئۆتۆمبێله‌كه‌م، له‌وێ له پشته‌وه ده‌چینه ناو باڵوێزخانه‌كه، له‌وێ گه‌راجیان هه‌یه، ده‌چینه ناو گه‌راجه‌كه و تۆ له‌وێ له سندووقه‌كه دێیته ده‌ره‌وه له حه‌وشه‌كه ده‌چینه لای باشه، به‌م جۆره چووینه لای سه‌فیری میسر.
گوتی: ئه‌وه جه‌مال نه‌به‌زه ئه‌و پیاوه‌ی داوات كردبوو.
سه‌فیر گوتی: ئه‌وه سه‌رۆك زۆر سه‌لامت لێ ده‌كات و حه‌ز ده‌كات بزانێ ئێوه چیتان ده‌وێت و پێی خۆشه كه ئێوه دژی حلفی به‌غدان و دژی ئیستعمارن و ئه‌مانه، به‌س حه‌ز ده‌كات بزانێ ئێوه چیتان ده‌وێ؟.
گوتم: به‌ڕاستی من نازانم ده‌بێ له براده‌ره‌كانم بپرسم. وه‌ك دوای چه‌ند رۆژێك چوومه‌وه بۆ كوردستان، له مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی له فایه‌ق عارف له مامۆستا عه‌لی تۆفیق كه دوای دكتۆرای هێنا، جا ئێمه ئه‌و براده‌رانه كه به‌یه‌كه‌وه كارمان ده‌كرد رێكمان خست، كه باشه مه‌سه‌له‌ی ڕادیۆكه ببێ، یارمه‌تی پێشخستنی پڕوپاگه‌نده وه‌ك لۆبییه‌ك بۆ كورد له میسر دروست ببێ، ئه‌گه‌ر مومكین بێ مه‌سه‌له‌ی كورد بهێنێته پێشه‌وه له كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
دكتۆر له درێژه‌ی قسه‌كانیدا له‌و كۆڕه‌ی هانۆڤه‌ر گوتی: ماوه‌یه‌ك دواتر كه چوومه‌وه، به هه‌مان رێی ئۆتۆمبێل چوومه‌وه ناو باڵوێزخانه، جه‌مال عه‌بدولناسر سه‌فه‌ری مۆسكۆی كرد، كه گه‌ڕایه‌وه (نه‌جمه‌دین عه‌ونی) پێی گوتم به‌م زووانه رادیۆ كوردییه‌كه داده‌نرێ.
دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز گوتی: بڕوا بكه‌ن ڕادیۆ كوردییه‌كه دانرا.
له ڕێككه‌وتی (١-٦-١٩٥٧) به‌رنامه‌ی كوردی ڕادیۆی قاهیره ده‌ستی پێ كرد، پاش ئه‌وه‌ی دانرا، هه‌موو ڕۆژێك به مارشی كوردستان ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌یكرده‌وه، ئه‌وه‌ش زۆر بوو له ساڵی (١٩٥٧) كه‌سێك له ئاماده‌بووانی كۆڕه‌كه ساڵه‌كه‌ی لێ دووپات كرده‌وه و پڕۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز گوتی "به‌ڵێ ئه‌وه له ساڵی 1957 بوو".
دواتر جه‌مال خه‌زنه‌دار به‌شداری كۆڕه‌كه‌ی كرد و گوتی: حه‌مه‌ی حوسێنی مه‌لای دزه‌یی بێژه‌ری رادیۆ كوردییه‌كه‌ی قاهیره بوو تا ساڵی 1963.
پڕۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز له كتێبی "وشه‌نامه"دا نووسیویه‌تی: دوای ئه‌وه‌ی جه‌مال عه‌بدولناسر له ساڵی 1957 پرۆگرامی به‌شی كوردی له رادیۆی قاهیره دانا، ئه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ڕژێمی ئێرانیش له تاران به‌شی كوردی دابنێ و رژێمی عێراقیش رێ به‌ده‌رچوونی چه‌ند گۆڤارێكی كوردی بدات.
دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز له كتێبی بیره‌وه‌رینامه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی جارێكی تر ناگه‌ڕێنه‌وه له لاپه‌ڕه‌كانی- ٣٧٥ و ٣٨٩ دا چاپی به‌هاری ٢٠١٧ سلێمانی، كۆبه‌رهه‌م ژماره (١٤) به‌م جۆره باسی ده‌كات: له سه‌ره‌تای مانگی ته‌باخ – هاوینی ١٩٥٦ له به‌غداوه به پاسی نێرن سه‌فه‌ری سووریای كرد، له دیمه‌شق /شام/ له هوتێلی فه‌له‌ستین شه‌رق و ئه‌لئوردن دابه‌زیوه، خاوه‌نی هوتێله‌كه ئه‌بو دیاب ئه‌یووبی كوردی، گه‌ڕه‌كی كوردان (تاخی كوردان) بوو، عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی له‌م هوتێله كاری ده‌كرد. به ماوه‌ی 10 ڕۆژ نامیلكه‌ی "كفاح الاكراد" خه‌باتی كوردانی نووسیوه، پێشكه‌شی سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی میسر جه‌مال عه‌بدولناسری كردووه.
له رێی ئاپۆ ئۆسمان سه‌بری له چاپخانه‌ی (كه‌ریم كه‌ره‌م) هه‌زار دانه‌ی چاپ كردووه. ئه‌م نامیلكه‌یه له چه‌ند رێیه‌وه گه‌یه‌نراوه‌ته ده‌ستی جه‌مال عه‌بدلناسر، جارێكیان له ڕێی ڕه‌وشه‌ن به‌درخان، جارێكی تریان له ڕێی پارێزه‌ر عه‌زیز شه‌ریف بووه.
دواتر به‌هۆی ئه‌م نامیلكه‌یه‌وه له رێی باڵوێزی میسر له به‌غدا پێوه‌ندی به سه‌رۆك كۆماره‌وه ده‌كات، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كوردی له ڕادیۆی قاهیره له رۆژی یه‌كی حوزه‌یران/یۆنیۆی 1957 ده‌ستبه‌كار بێت.
ئه‌ڵمانیا - یوسف مه‌نتك