له‌دواى زیادبوونى لۆدى سه‌ر فیده‌ره‌كانى كاره‌با و كه‌مكردنه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێكى ڕۆژانه، داواى دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ى كاره‌باى 24 سه‌عاتى و به‌رده‌وامى كۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ شارۆكه‌ى پێنجوێن و ئه‌و ناوچانه ده‌كرێته‌وه، كه پێش دوو ساڵ كاره‌باكه‌یان بڕا بوو.
له‌وباره‌یه‌وه، زانا ڕه‌حمان، قائیمقامی شارۆكه‌ى پێنجوێن، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، له‌دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی لۆدی كاره‌بای پێنجوێن، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانییه‌وه داوامان لێكرا، كه لۆدی به‌كارهێنانی كاره‌با كه‌م بكه‌ینه‌وه.
گوتیشى، "دوای كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی داوامان لێ‌كردن، پێنجوێن ناوچه‌یه‌كی سه‌خته له ڕووی كه‌شوهه‌واوه، سوته‌مه‌نی وه‌كو پێویست نییه و ئه‌م بڕه كه 25 مێگاواته بۆمان زیاد بكرێت".
روونیشی كرده‌وه، "له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌ڵێنی زیادكردنی بڕی سێ مێگاواتمان پێدراوه، هه‌رچه‌ندیشه له میانی دواین سه‌ردانی وه‌فدێكی پارێزگای سنه بۆ شاری سلێمانی، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانییه‌وه به یاداشتێك داوا له‌وه‌فده‌كه‌ى ئێران كراوه هاوشێوه‌ی پێش ساڵی 2016 كاره‌بای 24 سه‌عاتی به‌رده‌وام بۆ پێنجوێن و ئه‌و ناوچانه‌ى تر‌ى هه‌رێم بگه‌ڕێندرێته‌وه، كه به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كانی كاره‌بای ئێران له‌سه‌ر هه‌رێم بڕابوون، بۆیه وه‌فده‌كه بڕیاریانداوه به‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئێران، تاوتوێی ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن".
شارۆكه‌ى پێنجوێن نزیكه‌ى 96 كیلۆمه‌تر له شارى سلێمانییه‌وه دووره و تا مانگى نیسانى ساڵى 2016، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه كاره‌باى به‌رده‌وامى هه‌بوو، دواتر ئه‌و كاره‌بایه بڕاو له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه كاره‌باى نیشتیمان به‌رده‌وامى بۆ دابنكرا، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا كاته‌كانى پێدانى كاره‌با كه‌مكراوه‌ته‌وه و هیچ مۆلیده‌یه‌كى ئه‌هلیش له سنووره‌كه نییه و بڕى كاره‌باى ئێسته‌ى ناوچه‌كه‌یش 25 مێگاواته.
پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى