له ڕووداوێكى كۆمه‌ڵایه‌تییدا بەهۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەوە لە گەڕەکی عوربەی شاری کەرکووک منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ گیانی لەدەست دا و هه‌شتى کەسی تریش برینداربوون.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 14ى كانوونى یه‌كه‌م، ئەفراسیاو کامیل، گوتەبێژی پۆلیسی شارى کەرکووک بە "وشه"ى ڕاگەیاند، منداڵی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە شەڕیان بووە و لەوکاتەشدا یەکێک لە خێزانی ئەو دوو بنەماڵەیە دێتە دەرەوە و دەستڕێژی گوللـەی کردووە بە ناویاندا و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەست داوە و هه‌شت کەسی تریش برینداربوونه.
زیاتر گوتى، ئەو کەسانەی کە برینداربوونه برینەکانیان سووکە، بەڵام ئەو کەسەی کە تەقەکەی کردووە سەرەتا هەڵهاتووە، دواتری خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیسی دۆمیز کردووە و ئەوانیش ڕادەستی پۆلیسی کەرکووکیان کردووە، ئێسته‌یش ئەو کەسە بە پێی یاسای سزادانی عێراقی و بەپێی مادەی 406 گیراوه.
له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له كه‌ركووك، دۆخی ته‌ناهى ئه‌و ناوچانه ڕووی له ئاڵۆزی زیاتر كردووه، هاوكات بەهۆی بوونی چەک لای هاووڵاتییان ڕووداوی کوشتن لە پارێزگای کەرکووک ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئه‌مه‌یش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئێسته چه‌ندان گرووپى میلیشیاى شیعى و عێراقى، حووكمى شاره‌كه ده‌كه‌ن و هه‌ماهه‌نگیان له‌ناو یه‌كتر نییه.