ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌بوو حكوومه‌تی عێراق بۆ پرسی گاز و كاره‌با پشتی به‌خۆی ببه‌ستایه و ئاماده‌سازیی بكردایه، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت هه‌یه و نایه‌ڵێ ئه‌و ئاماده‌سازییانه ته‌واو بكرێن، بۆیه پرسه‌كه ته‌نیا گه‌نده‌ڵییه و هیچیتر.
زیاتر له 30 رۆژ به‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌دا تێپه‌ڕیوه كه ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراقی دیاری كردووه بۆ پابه‌ندبوونی به سزاكانی سه‌ر ئێران، له‌وكاته‌ی عێراق له‌باره‌ی گاز و كاره‌باوه تا ئاستێكی زۆر پشت به ئێران ده‌به‌ستێت، به‌ڵام تا ئێسته هیچ ئاماده‌سازییه‌كی نه‌كردووه. ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه ئه‌و بابه‌ته به گه‌نده‌ڵییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
له‌و كاته‌ی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌هۆی ته‌واو نه‌كردنی كابینه‌ی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی و دیاری نه‌كردنی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كان ده‌ستیان به كار نه‌كردووه، به‌ڵام كاری ئه‌وانه چاودێری ئه‌و پرسه گرنگه بكه‌ن، به‌تایبه‌تی وه‌ڵامی ئه‌وه بده‌نه‌وه كه شوێنگره‌وه چییه؟.
مه‌نسوور مورعید ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" گوتی، بۆ پرسی گاز و كاره‌با ده‌بوو حكوومه‌تی عێراق ئێسته هه‌موو پێداویستییه‌كانی خۆی هه‌بووایه و پشتی به‌خۆی ببه‌ستایه، به‌ڵام وای ده‌بینم به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت رێگره و نایه‌ڵێ ئه‌و ئاماده‌سازییانه ته‌واو بكرێن، بۆیه پرسه‌كه ته‌نیا گه‌نده‌ڵییه و هیچیتر.
به‌گوته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، هه‌رچی سزاكانی سه‌ر ئێرانه، عێراق ناچاری پابه‌ندبوونه به جێبه‌جێكردنیان، به‌ڵام ئه‌وه ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئازایه‌تی گفتوگۆكه‌رانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان كه ئایا ده‌توانن قه‌ناعه‌ت به واشنتن بكه‌ن پێویستییه‌كی زۆر به‌و گاز و كاره‌بایه هه‌یه و عێراق له‌وه ببه‌خشن؟، چونكه پێشتر له كاتی جه‌نگی داعش ئه‌وه رووی دا كه عێراق ده‌توانێ چه‌ك له ئێران بكڕێت و به پێشێلكاریش حساب نه‌كرا.
له‌باره‌ی كاتی ته‌واوبوونی واده‌كه كه ئه‌مه‌ریكا 45 رۆژی بۆ عێراق دیاری كردووه تا كۆتایی به كڕینی وزه له ئێران بێنێ، په‌رله‌مانتاره‌كه ده‌ڵێ، پێویسته عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران له رێی پڕۆگرامی حكوومه‌ته‌كه‌یه‌وه شوێنگره‌وه‌ی بۆ ئه‌و پرسه دیاری كردبێت، چونكه باشووری عێراق تا ئاستێكی زۆر پشت به ئێران ده‌به‌ستێت له كاره‌بادا، جیا له دابینكردنی گازی پێویست بۆ چه‌ندان وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.
"وه‌ك لیژنه‌ی نه‌وت و وزه ئه‌و پرسه له‌ناو په‌رله‌مان تاوتوێ ده‌كه‌ین، یه‌كێك له سیناریۆكان گفتوگۆكردنه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی تری كاتی بۆ عێراق دیاری بكات تا شوێنگره‌وه ده‌دۆزێته‌وه" په‌رله‌مانتاره‌كه وای گوت و نیگه‌رانیشه له‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر له بواری وزه‌دا خه‌رج كراوه و ده‌بوو ئێسته پشتمان به‌خۆمان ببه‌ستایه، به‌ڵام ناتوانین.
مورعید دووپاتی كرده‌وه كه له رووی ته‌كنیكییه‌وه ئێسته عێراق ناتوانێ به سزاكانی ئه‌مه‌ریكا پابه‌ند بێت، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه له رێی هاوئاهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و رازیكردنیان، چونكه به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه عێراق ئاماده نییه پێویستییه‌كانی خۆی دابین بكات.
شاره‌زایانی عێراق دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه ئێسته شوێنگره‌وه بۆ گاز و كاره‌بای ئێرانی له عێراق نییه، به‌تایبه‌تی له‌و ماوه‌یه‌ی بۆی دیاری كراوه، چونكه بۆ به‌رهه‌مهێنان و دابینكردنی كاره‌با به بڕی پێنج هه‌زار مێگاوات كه ده‌كاته سێیه‌كی كاره‌بای عێراق، پشت به ئێران ده‌به‌ستێت و ئه‌سته‌مه بتوانێ به‌و خێراییه شوێنگره‌وه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه.
عه‌لی زاری فه‌یاز شاره‌زا و ئه‌ندامی خولی پێشتری لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه رێككه‌وتنێكی ستراتیجی له نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه كه هه‌ردوولا واژوویان له‌سه‌ر كردووه، وا باشتره مامه‌ڵه‌كردن له نێوان هه‌ردووكیان هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردووكیان، عێراق به چه‌ندان قۆناغی سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه، هه‌ر له گه‌مارۆ له كۆتایی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ته‌ی رابردوو و هاتنی داعش و هیتریش كه ئه‌و وڵاته‌یان شه‌كه‌ت كردووه، بۆیه پێویسته ئه‌مه‌ریكا عێراق له پابه‌ندی ته‌واوه‌تی به‌و سزایانه له‌سه‌ر ئێران به‌ده‌ر بكات، چونكه عێراق زیانی زیاتری له ئێران به‌رده‌كه‌وێت.
زیاتر گوتی، "ئێسته و تا دوو ساڵی داهاتوو ناتوانین ده‌ستبه‌رداری كاره‌با و گازی ئێران بین، چونكه تا ئێسته‌یش به‌ده‌ست كه‌می وزه‌ی كاره‌باوه ده‌ناڵێنین، جیا له كێشه‌كان له ژێرخانی زۆرینه‌ی ناوچه ئازادكراوه‌كان له ده‌ستی داعش، پێویسته عێراق زمانی گفتوگۆ به‌كار بێنێ بۆ ئه‌وه‌ی زیانی پێ نه‌كه‌وێت، چونكه ئه‌گه‌ری هه‌یه عێراق زیانمه‌ندترین لایه‌ن بێت له ئاڵۆزبوونی پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران".
شاره‌زایان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه عێراق ناتوانێ پشت له ئه‌مه‌ریكا بكات، چونكه رێككه‌وتنێكیان له نێواندا هه‌یه به‌وه‌ی له 2004ه‌وه ساڵانه بڕی سێ ملیار دۆلار پاڵپشتی بودجه‌ی عێراق ده‌كات كه تایبه‌ته به چه‌كداركردن و راهێنانی سوپای عێراق و پاراستنی ئاسمانه‌كه‌ی، جیا له پاراستنی سامانه‌كانی عێراق له ده‌ره‌وه و پاراستنی كه‌شتییه نه‌وتییه‌كانی عێراق.