چەند پارێزەرێكی كەیسی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، لە بەغدا ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكەنەوە و ئاشكرای دەكەن تا 23ـی ئەو مانگە هیچ ئاماژەیەك و بڕیارێك نییە لەسەر ناردنی.
ئەمڕۆ شەموو 15ـی كانوونی یەكەم، پارێزەرانی كەیسی پارەی گەنمی جووتیاران لە بەغدا لە ڕوونكردەوەیەكیان ئاشكرایان كردووە، پارەی ساڵەكانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ گەنمی جووتیاران ئەو كاتە دابەش دەكرێت كە لە دادگا بڕیاری لەسەر درا.
ئەو پارێزەرانە ئاماژەیان داوە، نۆ مانگە كار لەسەر ئەو كەیسە دەكەین، ١١ دانیشتنی دادگا بەڕێوە چووە، بڕیارە ١٢/٢٣ ئەنجامی بڕیاری دادگا وەربگرینەوە، لە داهاتوودا وەزیری بازرگانی هەر بڕیارێك بدات بۆ خەرجكردنی لەژێر فشاری دادگا و لە ترسی غەرامەی (تأخیری) دەینێرێت.
لە كۆتاییدا ئەو پارێزەرانە ئاشكرای دەكەن، هەر هەوڵێك و بانگەشەیەك بۆ چەواشەكاری راستییەكان، نە لە كارەكەی ئێمە كەم دەكاتەوە و نە ئێمەش سارد دەكاتەوە، كە چەندان ئەندامی پەرلەمان هەواڵی ناردنیان بڵاو كردووەتەوە خۆزگە ڕاست دەبوو ئەو هەواڵانە.
حكوومەتی عێراق بەبیانووی جیاجیا ماوەی چەند ساڵە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان نانێرێت، ئەوەیش ناڕەزایەتی زۆری لێ كەوتەوە و ئێستە كێشەكە كەوتووەتە دادگا.