ڕێگەی هەولێر- كەركووك داخرا

:: PM:01:24:15/12/2018 ‌
بەهۆی ڕۆیشتنی تانكەرێك لە ڕێڕەوی خۆی و تەقینەوەی، ڕێی هەولێر- كەركووك داخرا و بەرپرسێكی پۆلیسیش ئاشكرای دەكات، زۆری نەوتی تانكەرەكە و ڕژانی بەسەر شەقامەكە مەترسی دروست كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 15ی كانوونی یەكەم، نەقیب هێرش عزەدین ئەفسەری هاتوچۆ لە سنووری پردێ‌ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكی گەورە كە دەرئەنجام پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بوو كە نەوتیان بار كردبوو، لەڕێڕەوی خۆی لایدابوو بەو هۆیەوە ئاگرێكی گەورە دروست بووە.

ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ گوتی، تانكەرەكە لە شەقامی سەرەكی لایداوە و هاتووەتە سەر شۆڵدەری شەقامە خۆڵەكە و بەو هۆیەوە تەقیوەتەوە و ئاگرێكی گەورە دروست بووە، ئێستە بووەتە هۆكاری وەستانی هاتوچۆ لە ڕێی نێوان كەركووك و هەولێر و دوو شوفێری هەردوو تەنكەرەكە گیانیان لە دەست داوە.

ئاشكرای كرد كە ڕووداوەكە لە نزیك بازگەی پردێیە و شوفێران ناتوانن ئێستە هاتوچۆ بكەن و سەرجەم تیمەكانمان لە شوێنەكان و چاوەڕوانی كوژرانەوەی ئاگرەكەین تا زیانەكان دیاری بكرێت و ڕێیەكەش بكرێتەوە.

ئەو ڕووداوەی هاتوچۆ لە كاتێكدایە ڕێی نێوان كەركووك- هەولێر یەكێكە لە ڕێ سەرەكییەكان و هاووڵاتییەكی زۆر بەهۆی خراپی دۆخی پارێزگەی نەینەوا ئەو ڕێیە بەكار دەهێنن.




وشە - رامیار جەواد