له هه‌فته‌یه‌كدا سێ به‌یاننامه به‌ناوی سێ حزب له كوردستان له سلێمانی بڵاو كرانه‌وه و دواتر هه‌رسێ حزبه‌كه ره‌تیان كرده‌وه و به"ساخته" ناوی ده‌به‌ن. گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێ، ئامانج له‌و كاره نه‌هێشتنی متمانه‌یه له نێوان هێزه سیاسییه‌كاندا. نه‌وه‌ی نوێ پێی وایه "ئه‌وه‌ى په‌نا ده‌باته به‌ر به‌یاننامه‌ی ساخته، له سیاسه‌تدا دۆڕاوه".
پێنجی ئه‌م مانگه، نووسراوێك به ژماره‌ی تایبه‌ت به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاو كرایه‌وه له‌باره‌ى پێكهێنانی كابینه‌ى نوێی حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، تێیدا هاتووه "هه‌ر په‌رله‌مانتارێك چاوپێكه‌وتنی میدیایی بكات و دژ به پارتى یان كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران لێدوان بدات، رووبه‌ڕووی سزای یاسایی ده‌بێته‌وه و له فراكسیۆنه‌كه دوور ده‌خرێته‌وه"، دواتر بزووتنه‌وه‌كه روونكردنه‌وه‌ی راگه‌یاند و ره‌تى كرده‌وه.
شۆڕش حاجی گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به"وشه" ده‌ڵێ، پێویسته میدیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه بكه‌ن تا ببن به مایه‌ى ته‌بایی و ئاشته‌وایی نه‌ك دروستكردنى تۆمه‌ت و بوختان. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه كه "له‌وه‌دا مه‌به‌ستى به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى ئازادیی راده‌ربڕین و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری نییه".
"ده‌بێ رێوشوێن بگیرێته‌به‌ر تا سۆشیال میدیا به خراپ له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان و كه‌سه‌كان و حزب و رێكخراوه‌كان به‌كار نه‌هێنرێت". حاجی وا ده‌ڵێت. ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه "ئه‌وه‌ى به‌ناوی بزووتنه‌وه‌كه بڵاو كراوه‌ته‌وه، بۆ نه‌هێشتنی متمانه‌یه له نێوان هێزه سیاسییه‌كان، له‌مه زیاتر هیچ مه‌به‌ستێكی تری نییه، چونكه هه‌ڵوێستى فه‌رمیی گۆڕان له كه‌ناڵی تایبه‌تی خۆیه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه و به‌یاننامه‌كه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی گۆڕان نابێت".
پێوه‌ند به نه‌وه‌ی نوێ، به‌هه‌مانشێوه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هۆشداری ده‌داته ئه‌ندامانى فراكسیۆنه‌كه ئه‌گه‌ر دژ به مه‌سروور بارزانی كاندیدی پارتى بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت لێدوان بده‌ن، ئه‌وا تووشی لێكۆڵینه‌وه ده‌بن.
به‌ڵام كاوه عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنى نه‌وه‌ی نوێ، وێڕاى ره‌تكردنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌كه و ئاماژه‌دان به‌وه‌ی هه‌ر شتێك به فه‌رمی نه‌وه‌ی نوێ رای نه‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وا گوزارشت نییه له هه‌ڵوێستى ئه‌و هێزه، به"وشه"ی گوت "نه‌وه‌ی نوێ بۆچوونی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایه كه بۆ چوار ساڵى داهاتوو ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت".
زیاتر گوتى "ئه‌وانه‌ی به‌یاننامه‌یان له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ بڵاو كردووه‌ته‌وه، دۆڕاون له سیاسه‌ت، بۆیه ده‌یانه‌وێ له رێى سۆشیال میدیاوه رای گشتى بگۆڕن كه ناتوانن".
به‌هه‌مانشێوه له سێ رۆژی رابردوودا به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى سلێمانی- هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بڵاو كرایه‌وه كه بڕێك پاره‌یان بۆ چه‌ند كه‌سێك خه‌رج كردووه.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتى له سلێمانی وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ته‌نانه‌ت له ناساندنی ئێمه‌یشدا هه‌ڵه‌یان كردووه.
عه‌تا شێخ محه‌مه‌د گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نه‌كه به"وشه"ی راگه‌یاند كه له سلێمانی فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ی میدیایی و سۆشیال میدیا هه‌یه، له كاتێكدا میدیا هه‌ستكردنه به به‌رپرسیارێتى، كاتێك ئه‌وه نامێنێت، ئه‌وا به‌دیوه‌كه‌ی تردا ده‌چێته خانه‌ی خزمه‌تكردن به گرووپێك كه ئه‌مجۆره نووسراوانه ساخته ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی.
"ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه و ئه‌ده‌بیاتى نووسراوه‌كه و دهستوخهتهكهی ده‌ناسینه‌وه هی كێیه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه روونكردنه‌وه‌ی خۆمان داوه بۆ ئه‌و كادر و لایه‌نگرانه‌ی ئێمه كه كۆمه‌ك و هاوكاری هیچ كه‌سێك نه‌كراوه". گوته‌بێژی سه‌ركردایه‌تى پارتى له سلێمانی وا ده‌ڵێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا كه دانابه‌زنه ئاستى ئه‌وانه‌ى نووسراوه‌كه‌یان نووسیوه، چونكه دۆخه‌كه ژینگه‌یه‌كی ئارامی ده‌وێت كه ناوچه‌كه هێشتا مه‌ترسی زۆری له‌سه‌ر هه‌یه.
شاره‌زایه‌كی سۆشیال میدیا روونی ده‌كاته‌و كه دوو رێچاره هه‌ن، یان ده‌بێ هه‌وڵ بدرێت كوردێك له دامه‌زراوه‌ی فه‌یسبووك دابنرێت تا له رێیه‌وه ئه‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه ده‌ستنیشان بكرێن، یان به یاسا لایه‌نه سیاسییه‌كان و دامه‌زراوه‌كان ناچار بكرێن په‌یجه‌كانیان به فه‌رمی تۆمار بكه‌ن. دووپاتیشی كرده‌وه "ئه‌مه‌ی دووه‌م كه‌مێك ئه‌سته‌مه".
ئه‌رده‌وان محه‌مه‌د مامۆستای زانكۆ بۆ "وشه" باس له‌وه ده‌كات كه سۆشیال میدیا بووه‌ته ئامرازێكی ئاسان بۆ به‌رپاكردنى جه‌نگی ده‌روونی و لێدان له نه‌یاره‌كان، پێشتریش ئه‌و جه‌نگه ده‌روونییه هه‌بووه، به‌ڵام له میدیا فه‌رمییه‌كانیان له‌سه‌ریان ده‌كه‌وێت و له سۆشیال میدیا له‌سه‌ریان ناكه‌وێت، ئه‌مه‌یه جیاوازییه‌كه و مه‌ترسییه‌كه‌ش هه‌ر لێره‌یه، چونكه سۆشیال میدیا خاوه‌ندارێتى نییه و زوویش په‌یامه‌كه بڵاو ده‌بێته‌وه و كاریگه‌ریشی زیاتره.