عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی داوای لێبوردنی لەسەرجەم هاوڕێكانی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كرد بەرامبەر هەڵسوكەوتە نابەجێیەكانی.
دێمبێلێ بەهۆی هەڵسوكەوت و شێوازە تایبەتییەكەی ژیانییەوە لە ماوەی رابردوودا كێشەی زۆری لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە دروستكردبوو.
ئەم ئەستێرەیە زیاتر لە جارێك لە كات و وادەی ئەنجامدانی مەشق و راهێنانەكانی یانەی بەرشەلۆنە دواكەوتبوو و هەفتەی رابردووش هەمان كاری ئەنجامدابوو بەهۆیەوە یانەكەی سزایەكی دارایی قورسی بەسەر سەپاند.
رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: دێمبێلێ رۆژی دووشەمی رابردوو بەر لە ئەنجامدانی یارییەكەیان بەرامبەر یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، سەرجەم یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنەی لە ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان كۆكردبووەوە و داوا لێبوردنی لە هەموویان كردبوو.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە دێمبێلێ دوای داوای لێبوردن بەڵێنیشی پێداون جارێكی تر ئەم هەڵسوكەوتانە دووبارە نەكاتەوە.