دوای چەندان ڕۆژ لە مردنی تەرمی پیاوێك لە ماڵەكەی دۆزرایەوە

:: PM:02:33:15/12/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای دەكات، پیاوێك دوای چەندان ڕۆژ لە مردنی لەلایەن خێزانەكەی زانراوە لە ماڵەكەی مردووە و تەرمەكەشی بۆ پزیشكی دادوەری سلێمانی هاتووەتە ناردن.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی كانوونی یەكەم، ڕائید عەلی قەدووری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شەموو لە گوندی ساڵح ئاغای سەر بەشارەدێی قۆرەتوو تەرمی هاووڵاتییەك بەناوی (بەمۆ محەمەد قادر) لەدایكبووی 1969، گەیەنرایە بەشی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە شارۆكەی كەلار.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، بەگوتەی كەسوكارەكەی كۆچكردووەكە بەتەنیا لە ماڵێكدا دەژیا و چەند ڕۆژێكە لە ماڵەكەی خۆیدا گیانی لە دەست داوە و ئەوان ئاگادار نەبوون.


ئاشكرای كرد، بەمەبەستی پشكنین لەسەر هۆكاری گیان لەدەستدانی كۆچكردووەكە، تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی كراوە.

شارۆكەی كەلار یەكێكە لە شارۆكەكانی ئیدارەی گەرمیان و ئێستە بەناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەناسرێت لە پارێزگای سلێمانی لە باشووری كوردستان و ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆكەیە بەپێی مەزەندەی ساڵی2018 ی دەستەی ئاماری هەرێمدا، 204,214 كەس بووە . 

ئەم شارۆكەیە (17.6%) ڕووبەری ئیدارەی گەرمیان پێك دێنێت، چونكە ڕووبەری شارۆكەی كەلار و ئیدارەی گەرمیان بەدوای یەكدا (1703كم2) و (9681كم2) لە ساڵی 2012دا 300 تا 355 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. 



وشە - رامیار جەواد