باڵندەكانیش ئاوارەی دهۆك دەبن

:: PM:02:59:15/12/2018 ‌
بەرپرسێكی ژینگەیی لە پارێزگای دهۆك ئاشكرای دەكات، وەرزی كۆچكردنی باڵندەكان لە ئەوروپاوە بۆ هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك دەست پێ دەكات، ژمارەیەكی زۆری ئەو باڵندانە روو دەكەنە بەنداوی دهۆك، بەڵام تا ئێستە هیچ لایەنێك ئەو باڵندانە وەك سەرچاوەیەكی داهات و گەشتوگوزار بەكار ناهێنن.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی كانوونی یەكەم، سلێمان تەتەر بەرپرسی رێكخراوی كوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان لە شاری دهۆك بە "وشە"ـی راگەیاند، ساڵانە لە سەرەتایی وەرزی زستان ژمارەیەكی زۆری باڵندەكانی ئەوروپا روو دەكەنە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو بەرپرسەی ڕێكخراوی پاراستنی ئاژەڵان گوتی، بەشێكی زۆری ئەو باڵندانە دێنە توركیا و سووریا و عێراق و ئێران، لە عێراقیش زۆرترین ئەو باڵندانە دێنە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارێزگای دهۆك و بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا و بە كۆمەڵ لە دەوروبەری بەنداوی دهۆك دەبینرێن.

ئاشكرای كرد، ئەو باڵندانە لە ئەنجامی بوونی سەرما و سۆڵێكی لە رادەبەدەر دێنە هەرێمی كوردستان و تا كۆتایی وەرزی زستان دەمێننەوە و جارێكی تر دەگەڕێنەوە ئەوروپا، چونكە كەشوهەوای هەرێمی كوردستان بۆ ئەو جۆرە باڵندانە زۆر لەبار و خۆشە، بۆیە ئەو باڵندانە دێنە هەرێمی كوردستان و شوێنی تایبەت بۆ ماوەیان دروست دەكەن، كە ئەمەش شتێكی جوان و نایابە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام جێی داخە تا ئێستە لە هەرێمی كوردستان سوود لەو جۆرە باڵندانە وەرنەگیراوە بۆ ئەوەی وەك یەكێك لە سەرچاوەكانی داهات و گەشتوگوزار بەكار بهێنرێن، ئەوەتا شوێنی بینینی ئەو جۆرە باڵندانە لە بەنداوی دهۆك نییە بەتایبەتی لە رێی دووربین، بۆیە هەركاتێك گەشتیار و هاووڵاتییان لەو جۆرە باڵندانە نزیك بوون، ئەوا دەفڕن و لە ئەنجامدا بێبەش دەبن لە بینینی ئەو باڵندانە.

ئەو باڵندانەی كە دێنە پارێزگای دهۆك پێكدێن لە حاجی لەق لەق و نەورەس، پێشتر چەند جۆرێك لەو باڵندانە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە ئەوروپا بەتایبەتی لە دەربەندی رانیە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری





وشە - رامیار جەواد