كۆنگرێس پێوەندییەكانی بن سەلمان و دۆناڵد ترەمپ ئاشكرا دەكات

:: PM:03:19:15/12/2018 ‌

دوای بڕیارەكەی كۆنگرێس كە بن سەلمانی تۆمەتبار كرد بە كوشتنی خاشقجی، میدیاكانی ئەمەریكا هۆكاری پەردەپۆشكردنی كەتنەكە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ ئاشكرا دەكەن. بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا مافی ڤیتۆی هەیە و دەتوانێ بڕیارەكەی كۆنگرێس رەت بكاتەوە.

دواجار لەسەر دۆسیەی جەمال خاشقجی كۆنگرێسی ئەمەریكی بڕیاری دا كە محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستانی سعوودیە لە كوشتنەكەی تێوەگلاوە، ئەمەش وەك هۆشداریدانێك بۆ دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی كۆشكی سپی لێك درایەوە كە بەگوێرەی راپۆرتێكی "واشنتن پۆست" هەوڵی پەردەپۆشكردنی راستییەكانیان داوە.

بڕیارەكەی كۆنگرێس لە كاتێكدایە پێشتر یاسایەكیان لە دژی عەرەبستانی  سعوودیە پەسند كرد كە رێ بە ئەمەریكا نادات چەك و تفاق بەو وڵاتە بفرۆشێت بۆ بەكارهێنانی لە جەنگی یەمەن. هاوكات سیناتۆر بۆب كوركەر لە ویلایەتی تینسی كە سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەیە بە فەرمی رای گەیاند كە بن سەلمان تێوەگلاوە لە كوشتنی خاشقجی، رۆژی پێنجشەمی رابردوو 13ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر بە زۆرینەی دەنگ لە كۆنگرێس دەنگی لەسەر درا.

بڕیارەكەی كۆنگرێس هەمان دەرئەنجامە كە دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی "CIA" لە بەدواداچوونیدا لە بارەی دۆسیەی كوشتنی خاشقی پێی گەیشتووە كە بن سەلمان تێوەگلاوە، بەڵام هەریەكە لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و جیمس ماتیس وەزیری بەرگری هەوڵیان دا پەردەپۆشی بكەن، كاتێك وەزیری دەرەوە رای گەیاند هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت بن سەلمان تێوەگلاوە، وەزیری بەرگریش رای گەیاندبوو هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە نییە.

ئارۆن بایك نووسەر لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست" دەڵێ، قسەی هەردوو وەزیرەكە لە دیوێكدا راستن، چونكە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی "CIA" پشتئەستوور نییە بە هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە، بەڵكو زیاتر هەڵێنجانە كە بن سەلمان رۆڵی هەبووە لە كوشتنی خاشقی.

بڕیارەكەی كۆنگرێس دوای ئەوە دێت سێشەمی رابردوو 11ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، بانگهێشتی جینا هاسبل بەڕێوەبەری"CIA" كرد، دواتر باوەڕیان بەوە هێنا كە بن سەلمان لە كوشتنی خاشقجی تێوەگلاوە. 

لیندزی گراهام سیناتۆری كۆماری رای گەیاند ئەگەر كۆشكی سپی بە دەست دیموكراتەكان بووایە، ئەوا تۆمەتباریان دەكرد كە چوونەتە خزمەت سیاسەتەكانی سعوودیە.

هاوكات كوركەر ئاماژەی بەوە دا ئەگەر بن سەلمان بدرێتە دەست دەستەیەكی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بێلایەن، ئەوان 30 خولەك نابێت ئاشكرا دەبێت كە دەستی هەبووە لە كوشتنی خاشقجی.

گوتی "جیاوازی نێوان قسەكانی پۆمپیۆ و ماتیس لەگەڵ قسەكانی هاسبل لە بەردەم كۆنگرێس وەك جیاوازی نێوان تاریكی و رووناكی وان".

بلیك نووسەر لە واشنتن پۆست دەڵێ، یەكدەنگی كۆنگرێس دەری دەخات كە ئەوەی ترەمپ دەیڵێ بەس نین و پێویستە ئیدارەكەی روونكردنەوەی زیاتر بدات، گوتی "ئەگەر سەرەتا ددانیان بەوەدا بنایە و بڕیاری ئەوەشیان بدایە كە تۆڵە ناكەنەوە، باشتر بوو لەوەی هەوڵی پەردەپۆشكردنی راستییەك بدەن كە رووی داوە".

زیاتر گوتی "تۆپەكە لە گۆڕەپانی كۆنگرێسە، دەكرێت بڕیارەكە وەك هۆشدارییەك بۆ ترەمپ و ئیدارەكەی لێك بدرێتەوە".

جێی بیرخستنەوەیە جەمال خاشقجی لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو لەناو كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ كوژرا و بەهۆیەوە نیگەرانی و تووڕەیی لە ئاستی نێودەوڵەتی لێ كەوتەوە و هێشتا جەستەی ئەویش نەدۆزراتەوە و جگە لەمەش هێشتا ئەو كەسەش بە فەرمی ئاشكرا نەبووە كە بڕیاری كوشتنەكەی داوە.

ئەگەرچی عەرەبستانی سعوودیە لە ئاستی كۆشكی سپی و دۆناڵد ترەمپ پشتگیری لێ دەكرێت، بەڵام بڕیارەكەی كۆنگرێس ئەو وڵاتەی رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی دیپلۆماسی قورس كردووە، ئەویش رووبەڕووبوونەوەی حكوومەتی سێبەر كە دژی خواستی سعوودیە وەستاوەتەوە.

لەم ماوەی دواییدا عەرەبستانی سعوودیە لە ناوەندەكانی هێز و لۆبیكردن لە ئەمەریكا، تەنانەت لە ئاستی میدیای ئەمەریكیش رووبەڕووی هەڵمەتێكی ناوزڕاندنی رێكخراو بووەتەوە كە چاودێران پێیان وایە قەتەڕ لە پشتەوەیەتی و دیموكراتەكانی ئەمەریكا هاوسۆزن لەگەڵ ئێران.

هەندێك لە چاودێران لەگەڵ ئەوەدا كە سەركەوتنی گفتوگۆكانی سوودی لە پرسی ئاشتەوایی یەمەن دەبێتە دەستكەوتێكی گرنگ بۆ سعوودیە كە رۆڵی تێدا هەبووە، ئەمەش وایكردووە لەلایەن توركیا و قەتەڕ و ئێران رەتكراوە بێت، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ شێواندن و ناوزڕاندنی ئەو دەوڵەتە.

چاودێرێكی ئەمەریكی بە سەرسوڕمانەوە باس لەوە دەكات كە تازە كۆنگرێسی ئەمەریكی قسە لەسەر شەڕی یەمەن دەكات وەك بڵێی تازە دەستی پێ كردووە، یان حووسییەكان سەر بە ئێران نین! بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ریاز لە هەندێ رەفتاریدا هەڵە بووە و پێی وابووە بەرنامەی چاكسازی لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بڕیار لەسەر پێوەندییەكانی هەردوو وڵات دادەنێت لە رووی سیاسی و میدیاوە. بەڵام دەركەوت دەنگدانەكە زەنگی مەترسیداری ئاگاداركردنەوە بووە بۆ ریاز و واشنتن، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بڕیاری هەڵدانەوەی مەلەفی تریش دژ بە ترەمپ بدرێت وەك هاوپەیمانێكی سعوودیە.

جێی باسە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ مافی بەكارهێنانی ڤیتۆی هەیە، بەڵام چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی گوشارەكە زۆر لەوە گەورەترە كە بتوانێت ئەو دەسەڵاتە بەكار بهێنێت، هەندێك دوورتر بۆ بابەتەكە دەڕوانن و دەیبەستنەوە بە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمەریكا و دەیانەوێ ترەمپی پێ بشكێننەوە.



وشە - فه‌رمان سادق