په‌رله‌مانى عێراق تاوتوێى هێرشى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

:: PM:04:11:15/12/2018 ‌
په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانى چاكسازى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى ده‌كات، په‌رله‌مانتاران له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان بۆ دانیشتنى داهاتوو تاوتوێكردنى هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بخرێته‌ كارنامه‌ى دانیشتنه‌كه‌.
 
عه‌لى سه‌عدوون په‌رله‌مانتارى عێراق له‌ هاوپه‌یمانى چاكسازى له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى كردووه‌، چه‌ندان په‌رله‌مانتار كۆشش ده‌كه‌ن بابه‌تى هێرشى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بخرێته‌ كارنامه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مانه‌وه‌.
   
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ژماره‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ داواكه‌دان، ته‌نیا گوتوویه‌تى "له‌  واتس ئاپ گرووپى تایبه‌ت به‌خۆمان هه‌یه‌، له‌وێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتووین كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دانیشتنى رۆژى سێشه‌مى داهاتوو ده‌نگ به‌ كابینه‌ى حكوومه‌ت نه‌درێت، ئه‌وا بابه‌تى هێرشى توركیا بخه‌ینه‌ كارنامه‌ى دانیشتنه‌كه‌".

دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ هێرشى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا خه‌ڵكى سڤیل ده‌كاته‌ قوربانى، بۆیه‌ شایانى قبووڵكردن نییه‌.
 
 چه‌ند رۆژێكه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا به‌ بیانووى لێدانى په‌كه‌كه‌ بۆردمانى چه‌ندان ناوچه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، دوێنێ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بانگهێشتى فاتح یه‌ڵدزى باڵوێزى توركیاى كرد له‌ به‌غدا و یاداشتى ناڕه‌زایى پێ دا.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل