هەفتەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراق دەگاتە پەرلەمان

:: PM:05:59:15/12/2018 ‌

ئەندامێكی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە حكوومەت لەسەر داوای پەرلەمان گۆڕانكاری لە بودجە كردووە و چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو پڕۆژەكە بگاتە پەرلەمان.

نەدا شاكر، ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، پێشبینی دەكرێت كە حكوومەت لە هەفتەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجەی 2019 رەوانەی پەرلەمان بكاتەوە، بەمەبەستی تاوتوێكردنی لە دوای ئەنجامدانی گۆڕانكاری پێشنیازكراو لەلایەن پەرلەمان بەسەر پڕۆژەكەدا.

زیاتر گوتی، یاسا حكوومەت پابەند دەكات كە پڕۆژەی بودجە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام ناڕەزایی پەرلەمان لەسەر چەند بڕگەیەكی پڕۆژەكە تا ئێستە دوای خستووە. 

شاكر روونی كردەوە، گرنگترین گۆڕانكارییەكانی بەسەر پڕۆژەكە دەكرێت بریتین لە زیادكرنی خەرجییەكانی هەردوو كەرتی پەروەردە و فێركردن و تەندروستی، جیا لە زیادكردنی خەرجی وەبەرهێنان لە ناوچە ئازادكراوەكان و زیادكردنی پارەی تەرخانكراو بۆ پارێزگای بەسڕە لە پترۆدۆلار و بودجەی وەبەرهێنان.

حكوومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی 2019ی عێراقی رەوانەی پەرلەمان كرد، بەڵام بەو هۆیەی پڕۆژەكە لەلایەن حكوومەتی حەیدەر عەبادییەوە ئامادە كرابوو و كۆپی بودجەی ساڵانی رابردوو بوو، بۆیە لەلایەن كورد و سوننە و پارێزگای بەسڕە تێبینی زۆری لەسەر هەبوو، ئەوەیش وای كرد كە پڕۆژەكە بە تێبینییەكانی پەرلەمان بۆ حكوومەت بگەڕێندرێتەوە بە مەبەستی چاككردنەوەی.

12ی ئەم مانگە د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە پشكی كوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق بە 14% جێگیر كرا و دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی عێراق رەزامەندی پێشا داوە لەسەر زیادكردنی پشكی كوردستان بۆ 14%.

زیاتر گوتی، ئەو هەنگاوە دوای هەوڵی لیستە كوردستانییەكان دێت لە پەرلەمانی عێراق و هەوڵەكان بەردەوامن تا پشكی كوردستان هێشتا زیاتر بكرێت، بەتایبەت لە بودجەی سەروەری كە بڕیارە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و كەمئەندامانیش لەوێ جێگیر بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل