یەپەگە ئامادەیە بە هاوكاری دیمەشق رووبەڕووی توركیا ببێتەوە

:: PM:06:35:15/12/2018 ‌

لەگەڵ توندتربوونی هەڕەشەكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە سوپای توركیا لە سووریا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و یەپەگە، فەرماندەیەكی یەكینەكانی پاراستنی گەل داوا لە حكوومەتی سووریا دەكات كە سنوورەكانی بپارێزێت و دووپاتیشی كردەوە كە ئامادەن بۆ هاوكاریكردنی دیمەشق بۆ بەرپەرچدانەوەی توركیا.

سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەپەگە بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعوودی راگەیاندووە  كە توركیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ لەناوبردنی دەستكەوتەكانی كورد كە هێزی لەسەر سنوور كۆ كردووەتەوە و دەستی بە بۆردومانكردنی ناو خاكی سووریا كردووە.

زیاتر گوتی، بەرپرسانی هەواڵگری توركیا لەگەڵ بەرپرسانی گرووپەكانی سووریا كۆبوونەتەوە و داوای لێ كردوون ئامادە بن بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بە هاوشێوەی ئەوەی عەفرین لە باكوری حەلەب ئەنجامیان داوە.

ئەو فەرماندە دووپاتی كردەوە كە پاساوەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دروست نین و هەوڵێكن بۆ داگیركردنی خاكی سووریا و سەپاندنی واقیعێكی نوێ لەسەر زەوی و دواتر كردنی بە چارەسەرێكی سیاسیانە.

بەمدواییە ئەردۆغان رای گەیاند كە وڵاتەكەی كە هێزەكانی لەسەر سنووری سووریا كۆ كردووەتەوە لە ماوەی چەند رۆژێكی تر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە دژی شەڕوانانی كورد لە رۆژهەڵاتی فورات دەست پێ دەكات، جیا لەوەی هەڕەشەی لە هێرشكردنە سەر شاری منبەج كرد ئەگەر ئەمەریكا شەڕوانانی یەپەگە لەو شارە دوور نەخاتەوە.

شایەنی باسە ساڵح موسلیم، بەرپرسی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" هەڕەشەكانی توركیای لە دەستوەردان و هێرشكردنە سەر باكوری سووریا بە راگەیاندنی جەنگ دژی بوونی كورد لە ناوچەكە راگەیاند.

موسلیم لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ كەناڵی "حورە" گوتی، ئەردۆغان هەڕەشەی داگیركردنی باكوری سووریا دەكات، وەك ئەوەی لە عەفرین ئەنجامی دا، چونكە ئەو دەیەوێ گەلی كورد لە ناوچەكە بوونی نەبێ و بمانسڕێتەوە.

ئەو بەرپرسەی پەیەدە دووپاتی كردەوە كە توركیا رێگر بووە لە بەشداریكردنمان لە دەسپێشخەرییەكانی چارەسەری سیاسی دۆخی سووریا لە جنێڤ و سوچی و ئاستانە، بە ئامانجی رێگریكردن لە گەیشتنی كورد بە مافە دیموكراسییەكانی لە سووریا.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل