بەسڕە.. خۆپێشاندەران بۆ بەردەم ماڵی بەرپرسان دەچن

:: PM:07:18:15/12/2018 ‌

دوای نائومێدبوونیان لە بەڵێنەكانی حكوومەتی عێراق، دوێنێ هەینی و ئەمڕۆ شەموو خۆپێشاندانەكانی بەسڕە دەستیان پێ كردەوە و خۆپێشاندەران بۆ بەردەم ماڵی بەرپرسانی پارێزگاكە دەچن و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیش دووپاتی دەكاتەوە كە ململانێ سیاسییەكان لەسەر پۆستی پارێزگار شەقامیان ورووژاندووەتەوە.

دوێنێ دەیان كەس لە خەڵكی بەسڕە لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگا كۆبوونەوە، هاوكات پرسی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نوێ لەگۆڕێیە، دواتر ئەوان گەمارۆی تەلاری ئەنجوومەنەكەیان دا و داوایان كرد كەسانی گەندەڵ بۆ پۆستەكان دیاری نەكەن، لەوانە كەسایەتییەكی سەر بە رەوتی حیكمە، لەو كاتەی ژمارەی كاندیدان بۆ پۆستی پارێزگاری بەسڕە گەیشتووەتە 27 كەس.

لەو كاتەی دوێنێ هێزەكانی نەهێشتنی توندوتیژی گەیشتنە تەلاری ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەندامانیان هێنایە دەرەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو خۆپێشاندانەكان دەستیان پێ كردەوە و میدیاكانی بەسڕە دووپاتی دەكەنەوە كە خۆپێشاندەران لە ناو شارەكە دەسووڕێنەوە و دەچنە بەردەم ماڵی بەرپرسانی شارەكە لەوانە وەلید كیتان، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە بەوەكالەت.

لای خۆیەوە غانم مەیاحی ئەندامی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە دەڵێت، خۆپێشاندانەكان لە رەوتی ئاسایی و ئاشتیانەكەی خۆیان دەرچوونە و چەند كەسایەتییەكی سیاسی بۆ مەبەستی خۆیان خۆپێشاندانەكانیان بەلاڕیدا بردووە. بۆیە دووبارەبوونەوەی خۆپێشاندانەكان لە بەسڕە هەوڵێكە بۆ نانەوەی پشێوی و دووبەركی و ورووژاندنەوەی شەقام و كەسانێك هەوڵ دەدەن هەمان رووداوەكانی چەند مانگی رابردووی بەسڕە دووبارە بكەنەوە.  

ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە ئەو ململانێ سیاسییەی لەسەر پۆستی پارێزگاری بەسڕە هەیە وای كردووە چەند لایەنێكی سیاسی دەست بە جووڵاندنەوەی شەقام بكەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكە و پەكخستنی كاری حكوومەتی ناوخۆیی، بۆیەیش دەزگا تەناهییەكان لە پارێزگاكە ئەوانیش كەمتەرخەمن لە كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل