ناڕەزایەتییەكان لە فڕەنسا و بەلجیكا بەردەوامن

:: PM:07:52:15/12/2018 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم شەمووی ناڕەزایەتی بزاوی هێڵەك زەردەكان بوو كە زیاتر لە 100یان لە فڕەنسا و 50 شیان لە برووكسڵ لە بەلجیكا لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیران، لەو كاتەی وەزارەتی ناوخۆی فڕەنسا رای گەیاند كە لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە تا ئێستە نزیكەی چوار هەزار و 500 كەسیان لە ناڕەزاییكاران گرتووە.  

میدیاكانی بەلجیكا دەڵێن كە پۆلیسی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ شەموو 50 خۆپێشاندەری لە بەشدارانی جووڵانەوەی هێڵەك زەردەكان لە برووكسڵ گرتووە، ئەوەیش لە دوای هەڵمەتێك لە گۆڕەپانی لۆكسمبۆرگ لەبەردەم بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا كە دەیان خۆپێشاندەر كۆ بووبوونەوە بۆ ئەوەی دواتر بەرەو گەڕەكی ئەوروپایی بچن كە دامەزراوەكانی سەر بە یەكێتی ئەوروپای تیادایە. 

ئەو خۆپێشاندانەی ئەمڕۆی بەلجیكا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رێگە پێدرابوو و لەناو رێوشوێنێكی توندی تەناهی بەڕێوە چوو، ئەوەیش دوای ئەوەی جموجۆڵی هێڵەك زەردەكان لە فڕەنساوە بەرەو چەند دەوڵەتێكی ئەروپا تەشەنەی كرد كە ئەوان ناڕەزایی لە بەرانبەر گرانبوونی نرخی سووتەمەنی پێشان دەدەن.

شەمووی رابردوو پۆلیسی بەلجیكا 450 خۆپیبَشاندەری گرت دوای ئەو كارە گێرەشێوێنانەی لەو وڵاتە روویان دا، لەو كاتەی وەزارەتی ناوخۆی فڕەنسا ژمارەی گیراوانی تا ئێستە  بە چوار هەزار و 500 راگەیاند.

لە پاریس ئەمڕۆ خۆپێشاندانەكان روویان داوە و بەو هۆیەوە 85 كەس گیران، وەك میدیاكانی فڕەنسا بڵاویان كردەوە كە خۆپێشاندەران روویان لە ناوچەی شانزئەلیزێ لە ناوەڕاستی پاریس كردووە و هەوڵی چوونە ناو (كەوانەی سەركەوتن)، دەدەنەوە، ئەوان سروودی نیشتیمانی فڕەنسا و درووشمی دژ بە ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا دەڵێنەوە. 

ئەوەیش لەو كاتەی وەزارەتی ناوخۆی فڕەنسا رای گەیاند كە 33 هەزار و 500 خۆپێشاندەر لەوانەی بە هێڵەك زەردەكان ناسراون، لە سەرانسەری فڕەنسا دەستیان بە خۆپێشاندان كردووەتەوە و تا ئێستە 107یان گیراون، لەو كاتەی 69 هەزار كارمەندی پۆلیس بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە بڵاوەیان پێ كراوە.

دوێنێ هەینی ماكڕۆن لە دوای كۆبوونەوەی سەرانی یەكێتی ئەوروپا لە برووكسڵ گوتی، فڕەنسا پێویستی بە ئارامی و ئاساییبوونەوەی ژیان هەیە، ئەوەیش دوای ئەوەی دووشەمی رابردوو چەندان سازشی بۆ خۆپێشاندەران كرد بە مەبەستی رێگرتن لە بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەكان كە لە 17ی مانگی رابردوو دەستی پێ كردووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل