سێشەمی داهاتوو لە پەرلەمانی عێراق چی دەبێت؟

:: PM:08:38:15/12/2018 ‌

هەریەك لە فراكسیۆنەكانی سوننە و شیعە باس لە چارەسەربوونی كێشەی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق دەكەن كە بڕیارە لە دانیشتنی سێشەمی پەرلەمان دەنگ لەسەر كاندیدانی هەشت وەزارەتی بەتاڵی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بدرێت.

میقدام جومەیلی، پەرلەمانتاری میحوەری نیشتیمانی (سوننە) لەو بارەوە ئاشكرای كرد كە چەند سەعاتی داهاتوو كێشەكە چارەسەر دەبێت لەبارەی كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ، چونكە زانیاریمان بە دەست گەیشتووە كە نیوچە رێككەوتننێك كراوە بۆ ئەوەی پۆستێكی تر بە فالح فەیاز بدرێت جیا لە وەزارەتی ناوخۆ.

زیاتر گوتی، بۆیە پێشبینی دەكەین دانیشتنی سێشەمی داهاتووی پەرلەمان دەنگدان لەسەر كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەتی عێراق بدرێت.

لای خۆیەوە قوسەی عەباس، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بینا رای گەیاند كە بەپێی رێككەوتننی زۆرینەی فراكسیۆنەكان دانیشتنی سێشەمی داهاتوو تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەت، بۆیە وەك هاوپەیمانی بینا دەنگ بەو كاندیدانە دەدەین كە عەبدولمەهدی دیاریان دەكات و ئازادی تەواوی بۆ دیاریكردنیان پێ دراوە. 

لای خۆیەوە ریاز مەسعوودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئیسڵاح و ئیعمار ئەمڕۆ شەموو پێشبینی كرد كە دانیشتنی سێشەمی پەرلەمان سەركەوتوو بێت لە تێپەڕاندنی كاندیدانی هەشت وەزارەتی ماوەی حكوومەتی عێراق و دووپاتی كردەوە كە كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتی كێشەی سێ وەزارەتی كێشەلەسەر یەكلا دەكاتەوە.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق دووپات لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت دەكرێتەوە لە رێگەی رێككەوتن لەسەر تێپەڕاندنی كاندیدانی هەن یان گۆڕینیان بە كاندیدی نوێ دوور لە پارتە سیاسییەكانەوە، بۆیە عەبدولمەهدی خۆی كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ دیاری دەكات لەو كاتەی محەمەد حەلبووسی كاندیدی وەزارەتی بەرگری و سەرۆك كۆماریش وەزارەتی داد دیاری دەكەن.

روونی كردەوە، چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی سیاسی پێوەستە بە سازشكردن بۆ یەكتر لەلایەن هەریەك لە ئیسڵاح و بینا، چونكە كاندیدەكانی بێ رێككەوتنی ئەوان تێپەڕ نابن، بۆیە پێشبینی دەكەین لە دانیشتنی سێشەم كابینەكە تەواو بكرێت و كاندیدان تێپەڕ بكرێن. چونكە مانەوە و بەردەوامی ناكۆكییەكان كاری حكوومەت و پەرلەمان پەك دەخات. 

ئەمڕۆ محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بینا دووپاتی كردەوە كە بڕیارە بەر لە دانیشتنی سێشەمی پەرلەمانی عێراق هەرسێ سەرۆكایەتی بە مەبەستی رێككەوتنی لەسەر كاندیدانی حكوومەت و تێپەڕاندنیان لە دانیشتنی سێشەم كۆ ببنەوە.  لەو كاتەی هەر ئەمڕۆ فالح فەیاز كاندید بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دەستگرتنی بە پۆستی ناوخۆ راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە پرسی مانەوە و نەمانەوەی پێوەستە بە عادل عەبدولمەهدییەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل