سەركردەیەكی داعش لە زیندانییەكی مووسل هەڵهات

:: PM:09:00:15/12/2018 ‌
ئەمڕۆ شەموو 15ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، مزاحم حوێت گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئاشكرای كرد كە سەركردەیەكی داعش لە بەندینخانەیەكی مووسڵ رای كردووە و گومانی ئەوەیش ناشارێتەوە بە رێككەوتن بەرانبەر بڕێكی پارەی زۆر كارەكە ئەنجام درابێت.

مزاحم حوێت گوتەبێژی ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبەكان رای گەیاند كە ئەمجەد عوبێد محەمەد ئەرحیم ئەلشرابی یەكێك لە سەركردەكانی داعش كە لە مووسڵ لە بەندینخانەیەكی سەر بە پۆلسی ئەو شارە لە شارەدێی زومار بەند كرا بوو، بە دەستەوارەیەك ئازاد كراوە.

حوێت، ئاشكرای كرد ناوبراو بە مادەی چواری یاسای تیرۆر سزا درا بوو. ئەو گوتی "پڕۆسەی هەڵاتنەكە لە ژێر چاودێرییەكی توندی تەناهیی بووە و گومان دەكرێت دەستەوارەیەكی گەندەڵی لە ئازاد كردنەكەی هەبێت"، هەروەك روونی كردەوە "ئازاد كردنی ئەمجەد بەڵگەیە كە داعش لە مووسڵ توانیویەتی كۆنتڕۆڵی دەزگا تەناهییەكان بكات لە رێی شانە نووستوەكانی كە خۆیان خزاندووەتە ناو دەزگا تەناهییەكان".

هەڵاتنی ئەو سەركردەیەی داعش لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو هەواڵی هەڵاتنی 21 چەكداری داعش لە گرتووخانەی سوسێی فیدڕاڵی لە سلێمانی بڵاوكرایەوە كە گوایە پاش هەڵاتنەكەیان 16یان لێ كوژراون و ئەوانی تریش دەربازیان بووە.



وشە - فه‌رمان سادق