ئەفغانستان.. لە هێرشێكی ئاسمانیدا 40 چەكداری تاڵیبان و 20 هاووڵاتی كوژران

:: PM:10:47:15/12/2018 ‌

بەرپرسانی ئەفغانستانی دووپاتیان كردەوە كە لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی كە سەركردەیەكی بزووتنەوەی تاڵیبانی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە كردە ئامانج، 20 هاووڵاتی كوژران كە 12یان منداڵن، جیا لە كوشتنی 40 چەكداری بزووتنەوەی تاڵیبان. 

ئەو سەركردەی تاڵیبان كە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان كرایە ئامانج، ناوی شەریف موعاویە بوو و هێرشەكەیش نوێترینە كە سەرانی بزووتنەوەكە دەكاتە ئامانج لەوەتەی كوشتنی فەرماندەی تاڵیبان لە هەرێمی هیلمەند لە كانوونی یەكەمی رابردوو.

ئەو هێرشە ئاسمانییە لە هەرێمی كونار لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان ئەنجام درا و 12 منداڵیش لە نێوان كوژراوانن، وەك عەبدوللەتیف فەزیڵی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوخۆیی دەڵێت، هەشت ئافرەت و 12 منداڵ لەو هێرشە كوژراون و زیاتر لە 15 كەسی تریش بریندار بوون.

لای خۆیەوە دیبرا ریچاردسن، گوتەبێژ بەناوی ئەركی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان گوتی، بزووتنەوەی تاڵیبان بەردەوامە لە سوودوەرگرتن لە هاووڵاتییانی ئاسایی و بەكارهێنانیان وەك قەلغانی مرۆیی و خۆشاردنەوە لەناو خەڵك، لەوكاتەی جەنگی هێزەكانی ئەفغانستان دەكات.

دووپاتی كردەوە كە زانیاریمان هەیە بە كوژرانی زیاتر لە 40 چەكداری تاڵیبان لە هەرێمی كۆنار، لەو كاتەی عەبدوسەتار میرزا كوال فەرمانداری هەرێمی كۆنار روونی كردەوە كە كردەكە لەلایەن هێزەكانی ئەفغانستان ئەنجام دراوە لە ناوچەی شیلتان و بووەتە هۆی كوژرانی 38 چەكداری تاڵیبان و قاعیدە لەوانە چواریان بیانین، هەروەها 12یشیان بریندارن، دووپاتی كردەوە كە پرۆسەكە شەریف موعاویە سەركردەیەكی تاڵیبانی كردە ئامانج، جیا لەوەی ژمارەیەك هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل