فەرماندەیەكی ئەمەریكی: دوا ساتەكانی داعش لە سووریا نزیك بووەتەوە

:: PM:11:56:15/12/2018 ‌

فەرماندەیەكی سەربازی ئەمەریكا رای دەگەیەنێت كە جەنگ لە دژی رێكخراوی داعش لە سووریا كەوتووەتە دوا پێگەكانی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و داعش لە دوارۆژەكانی نزیك دەبێتەوە.

كۆڵۆنیل شۆن رایان، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات ئەمڕۆ شەموو لە دوای رۆژێك لە كۆنترۆڵكردنی شارەدێی هەجین لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، گوتی، تا ئێستەیش داعش هەڕەشە دروست دەكات.

زیاتر گوتی، پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوەكە خۆیان كۆ دەكەنەوە و بۆمب دەچێنن بۆ هێواشكردنەوەی پێشڕەوی هێزەكانی هەسەدە، بۆیە تا دێت كۆتایی داعش لەو ناوچەی لە نزیك سنوورەكانی عێراق كۆنترۆڵی دەكەن، نزیك دەبێتەوە، ئەگەرچی توانای هێرشكردنیان هەر ماوە.

ماوەی سێ مانگە هێزەكانی هەسەدە هەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە دەدەن كە بە دەستی رێكخراوی داعش ماوە و روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ كە بارەگاكەی لە لەندەنە لەو بارەوە دەڵێت، ئێستە شەڕوانانی هەسەدە لە شارەدێی هەجین خەریكی لابردنی بۆمب و توندكردنی پێگەكانیانن لە ناو بوونی جەنگ لە گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی شارەدێكە.

هێزەكانی هەسەدە لە 10ی ئەیلوولی رابردوو هەوڵی كۆنترۆڵكردنی شارەدێی هەجین دەدەن و لەو ساتەوە تا ئێستە 932 چەكداری داعشیان كوشتووە و 545 شەڕوانی ئەوان و دەیان هاووڵاتیش بەهۆی جەنگەوە كوژراون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل