ریال مەدرید سەركەوتنی بەدەستهێنا و گەڕایەوە ریزبەندی سێیەم

:: AM:08:52:16/12/2018 ‌

یانەی ریال مەدرید شەوی رابردوو سەركەوتنێكی شەرمەزاری بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی رایۆ ڤالیكانۆ بەدەستهێنا و گەڕایەوە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا.

دوێنێ شەموو یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی 16ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا مێوانداریی یانەی رایۆ ڤالیكانۆی كرد و یارییەكەشی بە تەنیا گۆڵێك لێ بردەوە.

تاكە گۆڵەكەی یانەی ریال مەدرید لە سەرەتای گێمی یەكەم و لە خولەكی 13 لەلایەن هێرشبەری فڕەنسی كەریم بەنزیما بە پاسێكی لوكاس ڤاسكێزی هاوڕێی تۆمار كرا.

پێش دەستپێكردنی یارییەكە لوكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی خەڵاتی باڵۆن دۆڕی وەك باشترین یاریزانی 2018ی جیهان بەرز كردەوە و وێنەیەكی یادگاریشی لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی هاوڕێی گرت.

لە خولەكانی كۆتایی گێمی دووەمدا تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید چەند هێرشێكی مەترسیداری یاریزانانی یانەی رایۆ ڤالیكانۆی گەڕاندەوە و یانەكەی لە یەكسانبوون و لەدەستدانی 2 خاڵ رزگار كرد.

بەم سەركەوتنە یانەی ریال مەدرید ژمارەی خاڵەكانی بۆ 29 بەرز كردەوە و هاتەوە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا، یانەی رایۆ ڤالیكانۆش بە 10 خاڵ هەر لە ریزبەندی پێش كۆتایی یانەكان مایەوە.

دوێنێ شەموو هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 16ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا 3 یاری تریش بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوون:-

خیتافی 1-0 ریال سۆسیداد

بەلەد وەلید 2-3 ئەتلەتیكۆ مەدرید

ئیبار 1-1 ڤالێنسیا




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م