سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی 10 ساڵ به‌سه‌ر واژووكردنی ڕێككه‌وتنی ستراتیجی بۆ به‌رگری هاوبه‌شی له نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراق له 2008، به‌ڵام ئێسته به‌شێك له په‌رله‌مانتاران پرۆژه یاسایه‌كیان پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عێراق كردووه، بۆ پێداچوونه‌وه به‌و ڕێككه‌وتنه و ده‌رهێنانی عێراق له ژێر ئه‌و به‌ند و پابه‌ندییانه‌ی كه له ڕێككه‌وتنه‌كه به‌سه‌ر عێراق سه‌پێنراوه.
له مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2008 حكوومه‌تی عێراق و ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وتنی ستراتیجی به‌رگریكردنی هاوبه‌شیان واژووكرد، بۆ به‌هێزكردنی زیاتری ئاسایش و ئارمی له عێراق، له به‌شی سێیه‌می ڕێككه‌وتنه‌كه هاتووه، ئه‌مه‌ریكا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرش و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری خاك و ئاسمان و ئاوه‌كانی عێراق دێته وه‌ڵام و به‌رگری لێ ده‌كات، هاوكات هه‌ردوولایش له ڕێككه‌وتنه‌كه پابه‌ند ده‌بن به هاریكاری له بواری ئاسایش و به‌رگری، بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی عێراق پارێزراو بێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له په‌رله‌مانی عێراقه‌وه به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" ی ڕاگه‌یاندووه، نیازێكی ته‌واو هه‌یه له‌لایه‌ن به‌شێك له په‌رله‌مانتاران، بیرۆكه و پێشنیاز خراوه‌ته ڕوو بۆ كشانه‌وه و كۆتایهێنانی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یش زیاتر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی فه‌تحه‌وه ده‌رده‌بڕێ و پشتیوانی لێ ده‌كرێت.
محه‌مه‌د حه‌كیم ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له هاوپه‌یمانی فه‌تح گوتی، ئێمه نامانه‌وێ ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ناوی ئه‌م ڕێككه‌وتنه سه‌روه‌ری عێراق پێشێل بكه‌ن، عێراق قبووڵ ناكات پاشكۆی هیچ لایه‌ك بێت، په‌رله‌مانیش نوێنه‌رانی گه‌لن و ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌ر ڕێككه‌وتنێك بده‌ن.
ئامانج له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكرێنه ده‌ره‌وه و ئاسمان و خاك و ئاوه‌كانی عێراق له‌به‌رده‌م ئه‌مه‌ریكا ده‌رگایان واڵا نه‌بێ تا به ویستی خۆی به‌كاریان بهێنێت.