دوێنێ شەموو لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی 15ی خولی پلە یەكی ئەڵمانیا هەردوو یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند و بایرن میونشن سەركەوتنیان بەدەستهێنا.
یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی پێشەنی یانەكان لەنێو یاریگەی سیگنال ئەیدۆنا پاڕك مێوانداریی یانەی ڤێدەر بریمەنی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لێ بردەوە.
گۆڵی یەكەمی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند لەلایەن پاكۆ ئەلكاسێر لە خولەكی 20 تۆمار كرا و بەمەش بە 11 گۆڵ پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكەی گرتە دەست، لە خولەكی 27 ماركۆ رۆیس گۆڵێكی تریشی بۆ یانەی دۆرتمۆند تۆمار كرد، تاكە گۆڵی یانەی ڤیدەر بریمەنیش لە خولەكی 35 لەلایەن ماكس كڕووز تۆمار كرا.
بەم سەركەوتنە یانەی دۆرتمۆند هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئەڵمانیا مایەوە بە كۆكردنەوەی 39 خاڵ، یانەی ڤیدەر بریمەنیش بە 21 خاڵ لە ریزبەندی 9ی یانەكان جێگیر بوو.
لە یاییەكی تریشدا یانەی بایرن میونشن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێكی گەورە و بە 4 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی هانۆڤەری بردەوە.
گۆڵەكانی یانەی بایرن میونشن لەلایەن یاریزانان جۆشوا كیمیچ لە خولەكی 2، داڤید ئەلابا لە خولەكی 29، سێرجی گەنابری لە خولەكی 53 و رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی لە خولەكی 62 تۆماركرابوون.
بەم سەركەوتنە یانەی بایرن میونشنی پاڵەوانی وەرزی رابردوو ژمارەی خاڵەكانی بۆ 30 خاڵ بەرز كردەوە و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی بڕووسیا موشنگلادباخ لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئەڵمانیا جێگیر بوو.
ئەنجامی یارییەكانی تری دوێنێ شەمووی گەڕی 15ی خولی ئەڵمانیا بەمشێوەی خوارەوە بوون:-
شتوتگارت 2-1 هێرتا بەرلین
ئۆگسبۆڕگ 1-1 شالكە
هۆڤنهایم 0-0 بڕووسیا موشنگلادباخ
دۆسڵدۆڕف 2-1 فرایبۆڕگ