گەنجێك بەچەقۆ كوژرا

:: AM:09:39:16/12/2018 ‌
بەهۆی شەڕِی نێوان دوو كەس لە شارۆكەی كەلار دەڤەری گەرمیان، گەنجێك بە چەقۆ دەكوژرێت و پۆلیس دەڵێت بەو مەبەستە پێنج كەس گیراون.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی كانوونی یەكەم، ڕائید عەلی جەمال قەدووری گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی شەڕ لە نێوان چەند گەنجێك دروست دەبێت، یەكیان بەچەقۆ هێرش دەكاتە سەر بەرانبەرەكەی و بەسەختی برینداری دەكات.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، دوای گەیاندنی بریندارەكە بەبەشی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار، گیانی لە دەست دا. ئەو گەنجەی گیانی لەدەست داوە بەناوی (هەردی مەجید ئەحمەد) لەدایكبووی 1997 و دانیشتووی گەڕەكی سەركەوتنی شارۆكەی كەلارە.

ئاشكرای كردووە، ئێستە پێنج تۆمەتبار گیراون و بەبڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 406 بەند كراون.

ئازاد كەریم شایەتحالێكی رووداوەكە بۆ "وشە" ئاماژەیدا پاش رۆیشتنەوەی ئەو گەنجانە لەیاری و نێرگەلە كێشانەوە دەستیان كردۆتە شەڕ، بەڵام چاوپۆشی كراوە لە هەڵگرتنی چەقۆ بۆیە ئەو رووداوەی لێكەوتۆتەوە.

گووتیشی، بكوژی سەرەكی 4 ساڵ لەكوژراوەكە منداڵتربووە و تەمەنی 17 ساڵ بووە چەقۆی پێ بووە.

"وشە" ئەوەی زانیوە ئەو گەڕەكەی تاوانەكەی لێ ئەنجامدراوە پێشتر چەندین باندی تێدابووە بۆیە تا ئێستە چەقۆ هەڵگرتن درێژەی هەیە.

شارۆكەی كەلار یەكێكە لە شارۆكەكانی ئیدارەی گەرمیان و ئێستە بەناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەناسرێت لە پارێزگای سلێمانی لە باشووری كوردستان، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆكەیە بەپێی مەزەندەی ساڵی 2018 ی دەستەی ئاماری هەرێمدا، 204,214 كەس بووە . 

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 


وشە - رامیار جەواد