بە تۆماركردنی ئەم گۆڵەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی تۆرینۆ تۆماری كرد، كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی ناوی چووە نێو مێژووی یانەی یۆڤێنتۆسەوە.
شەوی رابردوو یانەی یۆڤێنتۆس لە یاریی دێربی شاری تۆرینۆ و لە گەڕی 16ی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا بووە مێوانی یانەی تۆرینۆ و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ وەڵام لێ بردەوە.
تاكە گۆڵی یارییەكە لەلایەن كریستیانۆ رۆناڵدۆ تۆمار كرا لە خولەكی 70 بە رێگەی لێدانی سزا.
ئەم گۆڵەی رۆناڵدۆ گۆڵی ژمارە 5000 هەزاری یانەی یۆڤێنتۆس بوو لە مێژووی یانەكەدا لە خولی ئیتاڵیا.
گۆڵی ژمارە 1000ی یانەی یۆڤێنتۆس لەلایەن كارلۆ پارۆلا لە ساڵی 1948 تۆمار كرابوو، گۆڵی ژمارە 2000 لەلایەن جیانی رۆسی لە ساڵی 1962 و دوای 22 ساڵ ماسیمۆ بریاسكی گۆڵی ژمارە 3000ی تۆمار كردبوو.
گۆڵی ژمارە 4000 لە ساڵی 2003 لەلایەن ماركۆ دی ڤایۆ تۆمار كرابوو و شەوی رابردووش رۆناڵدۆ گۆڵی ژمارە 5000 هەزاری یانەی یۆڤێنتۆسی لە خولی ئیتاڵیا تۆمار كرد.
سەرجەم ئەو یاریزانانەی كە گۆڵی ژمارە هەزارەكانیان تۆمار كردبوو خاوەن رەگەزنامەی ئیتاڵی بوون، بەڵام رۆناڵدۆ بووە تاكە یاریزانی بیانی ئەم گۆڵە تۆمار بكات و بەتایبەتیش گۆڵەكەی لە یاریی دێربی شاری تۆرینۆدا بوو.
هەروەها بە تۆماركردنی ئەم گۆڵە رۆناڵدۆ ژمارەی گۆڵەكانی كرد بە 11 گۆڵ و هاوشانی كریستۆف بیاتیكی هێرشبەری یانەی جەنەوە لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی خولی ئیتاڵیا جێگیر بوو.