كۆتینیو لە فڕەنسا و ئینگلتەڕا داوا دەكرێتەوە

:: AM:10:15:16/12/2018 ‌

فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی نزیك دەبێتەوە لە ساڵیادی یەكەمی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دوای ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی پارساڵ یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی جێهێشت.

كۆیتینو ئەو یاریزانەیە كە یانەی بەرشەلۆنەی زۆر ماندوو كرد بۆ گواستنەوەی خولی ئیسپانیا، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئاستەی كە هاندەران چاوەڕوانیان لێی دەكرد.

كۆتینیو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی پارساڵدا بە بەهای 142 ملیۆن پاوەن گرێبەستی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئیمزا كرد، بەمەش بووە دووەم گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا دوای هاونیشتمانەكەی نیمار دا سیلڤا كە بە 222 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بەرشەلۆنە چووە ریزی یانەی پاریس سان جێرمانەوە.

رۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: ئەم ئەستێرە بەڕازیلییە چەند داواكارییەكی پێ گەیشتووە بۆ رزگاربوون و دووبارە ژایانەوەی ئاستە بەرزەكەی كە لە یانەی لێڤەرپوول پێشكەشی دەكرد.

دواكارییەكیان لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوەیە كە ئەو یانەیە هەموو هەوڵێك دەدات لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوو یانیش لە كۆتایی وەرزدا گرێبەستی لەگەڵ بكات.

یانە فڕەنسییەكە لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە نیمار دا سیلڤا بەكاربێنێ كە هاوڕێیەتییەكی بەهێزی لەگەڵ كۆتینیو هەیە و دەتوانێ رازی بكات روو لە خولی فڕەنسا بكات.

داواكاریی دووەمیان لە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییەوەیە كە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی بەو هیوایەیە دووبارە ئاستبەرزی كۆتینیو لە خولی ئینگلیزی دورست بكاتەوە.

مۆرینۆ بە ئاستی كۆیتینیو و توانا هێرشییەكانی سەرسامە و داواشی لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە هەموو هەوڵێكی خۆیان بخەنەگەڕ تا گرێبەستەكەی بەدەستبێنن.

سەرەڕای داواكاری ئەم دوو یانەیە، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە بەهیچ شێوەیەك نیازی نییە دەستبەرداری كۆتینیو ببێت و پێیوایە بۆ داهاتوو دەبێتە یەكێك لە ئەستێرە گەشاوەكانی یانەكە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م