هه‌وڵێك بۆ تێگه‌یشتن له قووڵایى شیعه‌گه‌رى
به‌پێچه‌وانه‌ى زۆر له‌و توێژینه‌وانه‌ى له‌باره‌ى شیعه‌وه ده‌كرێن و به‌راوردكاریى له نێوان شیعه و سوننه ده‌كه‌ن، نوورى بێخاڵى له كتێبى "ململانێى ناوماڵى شیعه له حه‌وزه‌وه تا حه‌شد" توێژینه‌وه له‌سه‌ر شیعه‌گه‌رایى خۆی ده‌كات و جیاوازى و ململانێ و ناكۆكییه‌كانى ناو ره‌وته‌كانى شیعه ده‌رده‌خات.
ره‌نگه زۆر كتێب و توێژینه‌وه هه‌بن له‌باره‌ى شیعه‌گه‌رى و سوننه‌گه‌رى نووسرابن و بڵاو كرابنه‌وه، چونكه ململانێى نێوان شیعه و سوننه مێژوویه‌كى دوور و درێژى هه‌یه، بارته‌قای درێژایى ئه‌م مێژووه‌ش بۆچوونى جیاواز و تێز و بیرۆكه‌ى جیاوازى له‌سه‌ر هه‌یه، زۆریى توێژینه‌وه‌كانیش وایكردووه به‌شێكی زۆر له‌م راستییانه ده‌ربكه‌ون كه له ناواخنى ئه‌و ململانێیه هه‌یه.
شیعه‌گه‌رى سه‌ره‌تا تێگه‌یشتنێكى سیاسى بوو، له ئه‌نجامى ئه‌و پرسیاره دروست بوو كه ده‌یپرسى له دواى پێغه‌مبه‌ر كێ ره‌وایه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌یه رێبه‌رایه‌تى مسوڵمانان بكات؟ دواتر ئه‌م تێگه‌یشتنه سیاسییه قووڵ بووه‌وه و ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى له نێوان مسوڵمانان دروست كرد، دواى ئه‌وه‌ى دووبه‌ره‌كى دروست بوو، ئه‌م جیاوازییه سیاسییه سه‌رى كێشا بۆ بابه‌ته‌كانى بیروباوه‌ڕ و راڤه‌كردنى قورئان و فیقهناسى و چه‌ندان بوارى تر، لێره‌وه ئه‌م دوو تایفه‌یه دروست بوون كه ئێسته به شیعه و سوننه ده‌ناسرێن و هه‌ردووكیان مسوڵمانن، كه‌چى نه‌یارێكى سه‌رسه‌ختى یه‌كترن.
شیعه‌گه‌رى له مێژووى خۆیدا به چه‌ند قۆناغێكى گرنگ تێپه‌ڕیوه، هه‌ر یه‌كێكیش له قۆناغه‌كان كاردانه‌وه‌ى خۆى هه‌بووه به‌سه‌ر پێڕه‌وكارانى ئه‌م تایفه‌یه له‌ڕووى ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌وه. ماوه‌یه‌ك شیعه حوكمڕان و ماوه‌یه‌ك رۆڵى ئۆپۆزسیۆنى بینیوه، هه‌ر له‌میانه‌ى ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه و تیۆرى تایبه‌ت به شیعه‌گه‌رى ده‌ركه‌وتوون.
وه‌ك له ناونیشانه‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت، كتێبه‌كه‌ى نوورى بێخاڵى باس له ململانێى ناو شیعه ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌مانه به‌شێكن له كۆى ململانێیه‌كى قووڵتر، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر له‌و راستییه ئاگادار بین كه شیعه مه‌زه‌وێك نییه، به‌ڵكو له‌ناو خۆیدا ده‌یان و سه‌دان رێچكه و ره‌وت و مه‌زه‌وى جیاوازه".
جیا له‌وه‌ش، نووسه‌ر ئاماژه بۆ ئاستى به‌رژه‌وه‌ندیخوازى شیعه ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئاماده نییه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى تایفه‌گه‌رى خۆى هه‌ر رێباز و ئاینزایه‌كى تر به "شیعه" بزانێ.
نوورى بێخاڵى ده‌ڵێ "ته‌نانه‌ت شیعه ئه‌گه‌ر بزانێت به‌هائى و مه‌سیحییه‌كانیش سوودیان بۆ شیعه هه‌یه، ئه‌وا ئایه‌توڵایه‌ك بڕیار ده‌دا كه شیعه‌ن، چونكه خزمه‌تى شیعه‌گه‌رى ده‌كه‌ن".
ئه‌م كتێبه‌ى نوورى بێخاڵى كه له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ى رۆژنامه‌وانیى "وشه"وه چاپ كراوه، له 118 لاپه‌ڕه پێكهاتووه و چه‌ندان به‌شى گرنگى له‌خۆ گرتووه، له‌وانه "شیعه و شیعه‌گه‌رى له فیكرى سیاسییه‌وه بۆ مه‌زه‌وى ئاینى، نه‌جه‌فى ئه‌شڕه‌ف و قومى پیرۆز، شه‌ڕى حه‌وزه و رۆڵى خومه‌ینى، عه‌مامه و ئه‌فه‌ندى و شیوعى" و چه‌ندانى به‌شى تر.
ئێمه له میانه‌ى خوێندنه‌وه‌مان بۆ ئه‌و به‌شانه‌ى كتێبه‌كه، چه‌ندان جۆرى شیعه ده‌ناسین، له‌وانه شیعه‌ى شیوعى و شیعه‌ى ئه‌فه‌ندى و شیعه‌ى ئیخوانى و شیعه‌ى وه‌هابى. لێره‌دا نووسه‌ر ده‌ڵێ، "ره‌نگه خوێنه‌رێك كه ئاگادارى ململانێیه‌كانى نێوان ئێران و سعوودیه نه‌بێت، به‌لایه‌وه سه‌یر بێت كه چۆن ده‌بێ كه‌سێك شیعه بێت و ئیخوانى بێت، یان چۆن ده‌چێته عه‌قڵه‌وه ئیخوانییه‌كى شیعه هه‌بێت". بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره و ده‌رخستنى جۆره‌كانى شیعه، نووسه‌ر چه‌ندان زانیارى مێژوویى ده‌خاته‌ڕوو.
گرنگى ته‌واوى كتێبه‌كه له‌وه‌دایه كار له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ى شیعه ده‌كات، شیعه وه‌ك خۆى تاوتوێ ده‌كات، نه‌ك به سوننه‌ى به‌راورد بكات و لایه‌نگرى یه‌كێكیان بكات. جگه له‌مه‌ش گرنگى تێگه‌یشتن له شیعه له‌وه‌دایه، ئێمه به‌تێگه‌یشتنمان له‌و مه‌زه‌وه، له یه‌كێك له كێشه‌كانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان ده‌گه‌ین، كه پانتاییه‌كى گه‌وره‌ى جیۆگرافى داگیر كردووه، واته كاتێك قسه له‌سه‌ر شیعه‌گه‌رى و چۆنیه‌تیى سه‌رهه‌ڵدانى ده‌كرێت، ماناى ئه‌وه نییه ئێمه له به‌رده‌م رووداوێكى مێژوویین و به‌سه‌دان ساڵ لێمان دابڕابێت، به‌ڵكو یه‌كێك له كێشه‌كانى ئێسته‌یش، چه‌ندان وڵاتى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى گرتووه‌ته‌وه.