ئامانجی میسی ئەوەیە پێش سەری ساڵ یەكەم بێت

:: PM:12:21:16/12/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی پێش هاتنی سەری ساڵی 2019 و پشووەكان پێش سەرجەم ئەستێرەكانی تۆپی پێی جیهان بكەوێتەوە و ببێتە گۆڵكاری 2018.

میسی لە ماوەی ساڵی 2018 لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان تا ئێستا 44 گۆڵی تۆمار كردووە.

یانەی بەرشەلۆنە ئەمڕۆ یەكشەم لە گەڕی 16ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دەبێتە مێوانی یانەی لیڤانتی.

ئامانجی سەرەكی میسی لە یارییەكەی ئەمشەودا ئەوەیە بتوانێ گۆڵ تۆمار بكات بۆ ئەوەی پێشەنگی گۆڵكان وەربگرێتەوە كە تا ئێستا 44 گۆڵی هەیە.

میسی جگە لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی لیڤانتی، یارییەكی تریشی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە پێش هاتنی پشووەكانی سەری ساڵ دەمێنێ ئەویش لە خولی ئیسپانیایە بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ كە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە كریستیانۆ رۆناڵدۆش ئەمساڵ تا ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس 44 گۆڵی تۆمار كردووە، بەڵام ئەو ئەستێرەیە بەر لە هاتنی سەری ساڵ 3 یاریی لە خولی ئیتاڵیا ماوە بەرامبەر یانەكانی رۆما، ئەتلانتا و سامپدۆریا.

لە خولی ئەڵمانیاش رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبەری یانەی بایرن میونشن لە ساڵی 2018 تا ئێستا 41 گۆڵی تۆمار كردووە، دوو یاریشی لەبەردەمداماوە بۆ ئەوەی ركابەری میسی و رۆناڵدۆ بكات بەرامبەر یانەكانی لایپزیگ و فڕانكفۆڕت.

لە خولی ئینگلیزیش هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام دێت كە لە ماوەی ساڵی 2018 لەگەڵ یانەكەی و هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا 37 گۆڵی تۆمار كردووە، بەر لە هاتنی سەری ساڵیش لەگەڵ یانەكەی 4 یاریی لەبەردەمداماوە ئەنجامی بدات بەرامبەر یانەكانی ئارسناڵ، ئێڤەرتۆن، بۆرنمۆت و وڵڤەرهامبتۆن و ئامانجیشی ئەوەیە زۆرترین گۆڵ تۆمار بكات بۆ ئەوەی ركابەری میسی و رۆناڵدۆ و لیڤاندۆفیسكی بكات.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م