بریارە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم شاندی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و پاڵەوانی ئەوروپا بگاتە شاری ئەبو زەبی بە مەبەستی بەشداریكردن لە جامی مۆندیالی یانەكان كە چەند رۆژێكە لە ئیماڕات دەستی پێ كردووە.
یانەی ریال مەدرید رۆژی چوارشەمی داهاتوو یەكەم یاریی خۆی لە جامی مۆندیالی یانەكان لە قۆناغی پێش كۆتایی بەرامبەر یانەی كاشیما ئەنتلەرزی ژاپۆنی ئەنجام دەدات.
شاندی یانەی ریال مەدرید ئێوارەی ئەمڕۆ بە فرۆكەیەكی تایبەت دەگاتە شاری ئەبو زەبی و هەندێ لە یاریزان و دەستەی راهێنەران خێزانەكانیشیان لەگەڵدایە دوای ئەوەی سەرۆكایەتی یانەكە رێگەی پێدان لەگەڵ خێزانەكانیان گەشتەكە بكەن.
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری یانەی ریال مەدرید 25 یاریزانی تیپەكەی بۆ گەیشتەكەی ئیماڕات بانگهێشتكردووە.
یاریزانەكانیش برێتین لە: كایلۆر ناڤاس، كاسیا، تیبۆ كۆرتوا، كارڤاخال، ڤاییخۆ، سێرجیۆ رامۆس، رافایێل ڤاران، ناچۆ، مارسێلۆ، ئۆدریۆزۆلا، ریگیلۆن، چاڤی سانچێز، تۆنی كڕووس، لوكا مۆدریچ، كاسیمێرو، ڤالڤێردی، لیۆرێنتی، ئەسینسیۆ، ئیسكۆ، سیبایۆس، ماریانۆ دیاز، كەریم بەنزیما، گاریس بێڵ، لوكاس ڤاسكێز و جۆنیۆر ڤینسیوس.
پێش ئەنجامدانی یارییەكەی نێوان ریال مەدرید و كاشیما ئەنتلەرزی ژاپۆنی، رۆژی سێشەمی داهاتوو هەردوو یانەی رێڤەر پلێتی ئەرجەنتینی و عەینی ئیماڕاتی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە و براوەیان دەچێتە یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە.
جێی باسە یانەی ریال مەدرید پاڵەوانی جامی مۆندیالی رابردووە دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بە گۆڵێكی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە یانەی گریمیۆی بەڕازیلی بردبووەوە.