باندێكی لەشفرۆشی گیران

:: PM:07:47:16/12/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوان گرتنی باندێكی لەشفرۆشی و بازرگانی كردن بە ژنانی راگەیاند كە تۆمەتبار بوون بە چەندان تاوان.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەغدا گرتنی باندێكی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە كاری لەشفرۆشی و كڕین و فرۆشتن بە ژنان لە چەند ناوچەیەكی جیاواز لە بەغدا.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی بەڕێوەبەرایەتییەكە، چەند كەسێك گیران كە تاوانی جۆراو جۆریان ئەنجامداوە و پێشتریش بڕیاری گرتنیان لەسەر تاوانی تر بۆ دەرچووە. روونی كردەوە كە حەوت كەس گیراون كە ژنیش لەنێویاندا هەن، پێشتر لەلایەن لیژنەی بازرگانی كردن بە ژنان تۆمەتبار كراون بە كڕین و فرۆشتن بە كچان و كاری لەشفرۆشی.

ئەو حەوت كەسە جگە لەو تاوانە، ئەوا تۆمەتباریش بوون بە دزینی ئۆتۆمبێل و بەگوێرەی مادەی چواری یاسای تیرۆر لەلایەن دادگاوە داواكراو بوون، تەنانەت كاری ساختەكردنی بەڵگەنامەی فەرمی دەوڵەتیشیان ئەنجام داوە بۆ دامەزراندنی خەڵك.

لە بەیاننامەكەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەغدا ئاماژە بە چەند ناوچەیەك لە بەغدا كراوە كە باندەكە كاری تاوانیان لێ ئەنجام داوە وەك تاجی و مەنسور و بەغداد جەدیدە و ناوچەی كەرخ، بەڵام روون كردنەوەی لەسەر كاری فرۆشتن و كڕین بە كچان و ژنان نەداوە كە لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە بەهۆیەوە تۆمەتبار كراون.



وشە - فه‌رمان سادق