قەتەڕ 35%ی نەوتی مەكسیك دەكڕێت

:: PM:07:49:16/12/2018 ‌
كۆمپانیای قەتەڕ بۆ پتڕۆڵ لەگەڵ كۆمپانیای ئینی ئیتاڵی گرێبەستی كڕینی 35%ی سێ كێڵگەی نەوتی مەكسیك دەكەن. سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیا ئیتاڵییەكەیش دەڵێ، گرێبەستەكە بەشێكە لە پلانێكی ستراتیجی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا قەتەڕییەكە.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، كۆمپانیای ئینی ئیتاڵی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە لەگەڵ سەعد كەعبی وەزیری دەوڵەتی قەتەڕ بۆ كاروباری وزە و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای قەتەڕ بۆ پترۆل رێككەوتوون لەسەر كڕینی 35%ی نەوتی سێ كێلگەی نەوتی لە مەكسیك.

كلاودیۆ دیسلالی سەرۆكی جێبەجێكار لە كۆمپانیای ئینی ئیتاڵی لە بارەی گرێبەستەكە دەڵێ، ئەوە بەشێكە لە پلانی هاوبەشی ستراتیجی فراوانتر لەگەڵ قەتەر بۆ پترۆل لە دهاتوودا نەك تەنیا لە مەكسیك بەڵكو لە وڵاتانی تریش.

بەمەیش كۆمپانیا قەتەرییەكە دەبێتە خاوەنی 35%ی پشكی سێ كیڵگە نەوتییەكە لە مەكسیك و 65%ی لای كۆمپانیا ئیتاڵییەكە دەمێنێتەوە، هەردوولا پلانیان هەیە وەبەرهێنان لە دەرهێنانی نەوت لەناو دەریا لە مەكسیك ئەنجام بدەن دوای ئەوەی یاساكانی مەكسیك بۆ ئەم مەبەستە هەموار كرانەوە.

بەگوێرەی گرێبەستەكە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی هەشت هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دەست پێ دەكات و پاشان بۆ 90 هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە ساڵی 2021.



وشە - فه‌رمان سادق