حەوت نەریتی سەیری چین بناسە

:: PM:08:29:16/12/2018 ‌

چین تەنیا دەوڵەتێكی ئاسایی نییە، بەڵكو خاكی ئیمپراتۆریەت و ئەفسانە و برنج و ئەفیون بووە، هەروەها خاكێكە كە ناكرێت ئامێرێكی ئەلیكترۆنی بەرهەم بهێنرێت ئەگەر بەشێكی یان هەمووی بەو وڵاتەدا تێپەڕ نەبێت و دەستی كرێكارانی چینی پێ نەگەیشتبێت، ئەوە چینە خاكی سروشت و پیسبوون و جوانی و سەیر و سەمەرەیی، ئەو وڵاتەی كە ناتوانرێت گووگڵی تیادا ببیندرێتەوە.   

چین لە رووی كولتوور و مێژووەوە بە زۆرێك لە نەریت و خو و بیرۆكەی پێوەست بە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمەڵگای چینی جیا دەكرێتەوە، بەهەمان شێوەیش لەگەڵ كەسانی بیانی، جلوبەرگ و خواردن و سەیركردنی ئاژەڵ لای چینییەكان مانای جیاوازی هەیە و لە خوارەوە بەشێكیانە:  

نەهامەتی ژمارە4
لە چین ناتوانرێت ژمارە (4) بە ئاسانی بدۆزرێتەوە، چونكە ئەو ژمارەیەكی شوومە لە ریزی ژمارەكان و شێوەی گوتنی بە زمانی چینی هەمان شێوازی گوتنی وشەی مردنە، چینییەكان لە ژیانی رۆژانە خۆیان لە گوتنی ئەو ژمارەیە بەدوور دەگرن، بۆیە زۆرێك لە تەلارەكان نهۆمی چوارەمیان نییە و بەشێك لە چینییەكان نایانەوێت چوارشت لە یەك كات بەدەست بێنن یان بكڕن، جیا لەوەی خەڵكەكە لە ژمارەی مۆبایلەكانیان ژمارە چوار بە ژمارە هەشت دەگۆڕن، چونكە ژمارە هەشت بەختهێنە.   

هاوسەرگیری لەگەڵ تارمایی
 مردووەكان دەتوانن هاوسەرگیری بكەن، هەروەها زیندووەكانیش دەتوانن هاوسەرگیری لەگەڵ مردووەكان بكەن، ئەوە نەریتێكە و تا ئێستە زۆرێك لە چین پێڕەوی دەكەن بێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەكی مێژوویی ئاشكرا هەبێت لەبارەی بنەچەكەیەوە، بەڵام لایەنێكی لە پیرۆزی تیادایە و لایەنێكی تریش لە رێزگرتن و دڵسۆزی لەبەردەم كۆمەڵگادا، بەوەی بێوەژن دەتوانێت تا هەتایە دەست بە هاوسەرگیرییەكەی بگرێت و دوای مردنی هاوسەرەكی لە رووی كۆمەڵایەتییەوە گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، لەو كاتەی ئەو خێزانانەی كوڕە سەڵتەكانیان مردووە، ژنیان بۆ مارە دەكەن بۆ ئەوەی لە هاوسەرگیری تا هەتایە بێبەش نەبن، ئەو هاوسەرگیرییەی بە فەرمی و بە یاسا لە چین دانی پیادا نراوە. 

هێلكە و بۆق
لە ئەفسانەكانی چین بۆق پیرۆزی خۆی هەیە و نیشانەی دانایی بووە لە رابردوودا، بۆیە لە زۆرێك لە چیڕۆكەكان بەتایبەتی ئەوانەی بۆ ماوەی نێوان هەردوو سەتەی شەش و 15 دەگەڕێنەوە، هەرچی ئەمڕۆیە بۆق لە بازاڕەكان بۆ خواردن خراوەتە روو، چونكە چینییەكان نزیكن لە خواردنی هەموو شتێك، بۆیە بۆق بووەتە خواردن لەبری مانەوەی بێ سوود وەك لە ئەفسانەكان ناوی هاتووە، هەرچی هێلكەیە لای ئەوان جیاوازە و ئەوان هێلكەی فرێش بە گل یان پاشەڕۆی ئاژەڵ یان میزی منداڵ دەور دەدەن و دەیخەنە ناو كووپەوە، دەڵێن هەندێك لەوانە بەو شێوەیە دەمێننەوە و دەیان ساڵ بە میرات دەمێننەوە، تا كاتی دەرهێنانیان و خواردنیان. 

ماسكی رەنگاوڕەنگ و نینۆك
بەتایبەتی لە وەرزی هاوین لە زۆرینەی ناوچەكانی چین خەڵكەكە دەبینرێن كە لە شەقامەكان دەڕۆن یان سڕە دەگرن یان لەسەر لێواری دەریاكانەوە، ئەوان ماسكی رەنگاوڕەنگیان بەستووە كە تەنیا چاوەكانیان دیارە، چونكە ئەوان باوەڕیان بە پێویستی پاراستنی پێستیان لە تیشكی خۆر هەیە، بۆیە دیمەنەكە سەیر دەبێت ئەو كاتەی سەتان كەس بەو شێوەیە و بەیەكەوە دەڕۆن، جیا لەوەی لە چین درێژكردنی نینۆك نەریتێكی ئاسایی و خوازراوە و بڕینیشی شانسی خراپ دێنێت.

هەموو شتێك رەسەنە و سەرپۆشی زێڕین
چینییەكان حەزیان بەوەیە كە كەسانی بیانی رێز لە خۆیان و شێوەی دەرەوەیان بگرێت ئەگەر سەیریش بێت، بۆیە زۆربەی جار رێنوێنی ئەوانە دەكرێت كە سەردانی چین دەكەن كە پرسیاری ئەوە نەكەن ئاخۆ بەرهەمەكانیان ئەسڵین، بەتایبەتی بەرهەمە ئەلیكترۆنییەكانیان، چونكە لە چین كە هەموو بەرهەمێكی جیهانی تیادا كۆپی دەكرێت، هەمووان وەڵامت دەدەنەوە كە بەرهەمی ئەوان رەسەنە. 
لەبارەی بگەڕی گووگڵیشەوە ئەوە خۆی و هەموو پڕۆگرامەكانی و یوتیوب و تویتەر و فەیسبووك لە چین بوونیان نییە، چین پڕۆگرامی شوێنگرەوەی بۆ هاووڵاتییانی دابین كردووە لەوانە بگەڕی عەلی بابا، چونكە حكوومەتی چین لە داگیركردنی رۆشنبیری رۆژئاوا دەترسێت كە رەنگە لە رۆێگەی ئینتەرنێتەوە بكرێت. بۆیە حكوومەتی چین سەرپۆشێكی دیجیتاڵی هەیە لەسەر شێوەی دیوارە بەناوبانگەكەی بەناوی "سەرپۆشی زێڕین"، كە قەدەغەی بەكارهێنانی ماڵپەڕە قەدەغەكراوەكان لە چین دەكات لە ئینتەرنێت.  

جلی بووكێنی و رەنگی سپی
رەنگی سپی لە چین هێمایەكە بۆ مردن، بۆیە لە هیچ بۆنەیەكی خۆشی ناپۆشرێت، هەروەها هاوسەرگیری نەریتی سەیری خۆی هەیە لە چین كە تا ئێستەیش لە گوندەكان پێڕەو دەكرێت، بەوەی ئەو پیاوەی دەیەوێت هاوسەرگیری بكات بەدوای كچێكدا دەگەڕێت كە خاوەن پێیەكی بچووك بێت، بۆیە هەرچەند پێیەكانی بچووكتر بن ئاماژەیە بۆ ئەوەی مێیایەتی زیاترە، جیا لەوەی ئەو كەسە هەوڵ دەدات خۆی لەو ماڵانە بەدوور بگرێت كە دەكەونە باكور، چونكە بەپێی كولتووری چینی شوومی دێنن.

جیا لەوەی بووك و زاوا پۆشاكی سپی ناپۆشن كە خوازراو نییە هەروەها بووكگواستنەوە ئەنجام نادرێت لای زۆرێك لە چینییەكان بەر لەوەی ماوەیەك بووەكەكە لای زاواكە دەمێنێتەوە و ئەگەر پێی رازی نەبوو، بۆ كەسوكاری دەگەڕێنێتەوە.  

نەریتی سەیری رۆژانە
ژمارەی چینییەكان لە شارەكان زۆرە و ئەوان چەند نەریتێكیان هەیە كە لای ئەوان سەیر نییە وەك ئەوەی بە جلی نووستن بچنە سەر شەقامەكان یان هەندێكجار بچنە سەر كارەكانیان، هەروەها سەیر نییە هەندێك لە كۆمپانیا گەورەكان تەلاری خۆیان بە تەڵدڕ دەورە بدەن و پەنجەرەكانیان دابخەن بۆ رێگرتن لە فەرمانبەرانیان بۆ خۆكوشتن، هەرچی بینینی پیاوانی پۆلیسە كە چەند قازێكیان پێیە، ئەوە ئاساییە، چوونكە پۆلیسی چین لە بری سەگ پشت بە قاز دەبەستێت كە هەستی بۆنكردن و بینین بەهێزترە و دڕایەتی كەمترە. 

لەبارەی قەرەباڵغی شەقامەكانیش شتێكی ئاساییە كە خەڵكەكە ئۆتۆمبێلەكانیان لە شەقامەكان لەپاڵ یەكتر جێبێڵن و پێوەندی بە كرێكاری تایبەت بكەن، كە دوو كرێكار دێن یەكێكیان پاسەوانی ئۆتۆمبێلەكە دەكات و ئەوەیتریان خاوەنەكەی بە ماتۆرسكیلێكەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی لەكارەكەی دوا نەكەوێت یان بیگەیەنێتە ماڵەوە، هەروەها بەهۆی جەنجاڵی و زۆری رێژەی دانیشتوانەوە كێشەی هەناسەدان هەیە، بۆیە چین تاكە دەوڵەتە كە هەوای لەقوتوو ناوە دەیفرۆشێت و لە دووكانەكان بە چەندان تام دەست دەكەوێت، بەڵی ئەوەیە چینی زۆر گەورە و زۆر سەیر.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل