2019 دنیا رووبەڕووی تەنگژەی دارایی دەبێتەوە

:: PM:08:31:16/12/2018 ‌
بە گوێرەی پێشبینییەكان ساڵی 2019 دنیا رووبەڕووی تەنگژەیەكی تری دارایی دەبێتەوە، بانكی نێودەوڵەتیش لەسەر ئەم پرسە وریایی داوە، لە كاتێكدا هەموو 10 ساڵ جارێك دنیا رووبەڕووی تەنگژەی دارایی دەبێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت ساڵی 2019 جارێكی تر دنیا رووبەڕووی ئەو تەنگژەیە ببێتەوە و بانكی ناوەندیش لەمبارەیەوە وریایی داوە و دەڵێ، سیستەمی دارایی دنیا هیچ ئامادەكارییەكی نەكردووە بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە.

بەگوێرەی ناوەرۆكی راپۆرتەكەی بانكی نێودەوڵەتی، تەنگژەی دارایی 2019 لە سێكتەری خانووبەرە دەدات نەك تەنیا مووچەی خانەنشینی و دابەزینی نرخی خانووبەرە و سێكتەری پیشەسازی.

ئیدوارد بونام كارتەر جێگری سەرۆكی كۆمپانیای جوبیتەر بۆ قەواڵەی دارایی رای گەیاند، خەریكە خۆشییەكانی ساڵی 2018 كۆتاییان دێت، وەك ئاماژەیەك بۆ ساڵە پڕ زەحمەت و تەنگژەكە كە ساڵی 2019یە، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر هەوڵەكان بۆ دەربازبوون لە تەنگژەی دارایی دراون ئەویش بە دابەزانی نرخی سوو لەسەر پشكەكانی خانووبەرە و رێكخستنی سەرچاوەی داراییەكەی لە سیستەمێكی داراییدا.

 بەڵام چاودێران و شارەزایانی ئابووری كۆكن لەسەر ئەەوەی تەنگژە داراییەكە ئەگەر رووبدات ئەوا وەك ئەوانەی پێش خۆی زۆر توند نابێت، هاوكات سەرۆكی بانكی فیدڕاڵی ئەمەریكی پێشبینی ناكات لە 2019 تەنگژەی دارایی رووبدات، بەڵام ئەمە لە كاتێكدایە دۆخی قەرز لە دەیەی رابردوودا زۆر خراپتر بووە و جەنگی بازرگانی لەنێوان ئەمەریكا و چین بەردەوامە و هاوكات چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا، هەموو ئەوانە یارمەتیدەر دەبن بۆ سەرهەڵدانی تەنگژەی دارایی.

بونام كارتەر دەڵێ، ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی گەشەسەندی ئابووری دنیا لە دەیەی رابردوودا، بەهۆی جەنگی بازرگانی لەنێوان دوو گەورەترین هێزی ئابووری لە دنیادا هاوكات هەڵاوسان لە مووچە و تەنگژەی برێگزن، هۆكار دەبن لە شڵەژانی بازاڕ لە 2019.

ئەمە لە كاتێكدایە زۆرێك لە بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان وریاییان داوە لە هەڵسەنگاندنی زیادەڕۆیی لەسەر بازاڕی دراو لە دنیادا، بەو پێیەی هەڵسەنگاندنەكان هیچی راستیان تێدا نییە و مەرجیش نییە هەمووجار ئەوە رووبدات كە پێشبینی دەكرێت.

رۆژنامەی "گاردیان" لە راپۆرتەكەیدا ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكات كە هیچ پێویست ناكات بیر لە تەنگژەی دارایی نێودەوڵەتی بكاتەوە و دەڵێ باشترە پارێزگاری لە خۆت بكەیت و پارەكانت ئەگەر لە چەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دایە ئەوا بیانكێشییەوە و بیكەیت بە پارەی نەختینە یان قەواڵەی دارایی، بەڵام نەیكەی بە پشك لە كۆمپانیایەكی پشكداری، پێی وایە ئەمە باشترین چارەسەرە بۆ هاوڵاتیانی ئاسایی تا خۆیان لە تەنگژەی دارایی بە دوور بگرن وەك ئەوەی بانكی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات.

جیمس دایلی شارەزایی دارایی لە دامەزراوەی فایرر فایننس رێنمایی دەدات بە هاووڵاتییان كە چۆن پارەكانیان دابەش بكەن لەسەر كڕینی پشك لە كۆمپانیا پشكدارەكان و كڕینی قەواڵەی دارایی و شتی تریش، پێی وایە بەمجۆرە قەبارەی زیانەكە كەمتر دەبێتەوە ئەگەر هاتوو ساڵی داهاتوو دنیا رووبەڕووی تەنگژەی دارایی ببێتەوە.

ئەو شارەزایە داراییە باس لە دیارترین مەترسی دەكات كە رەنگە رووبەڕووی ببیتەوە، ئەویش لە دەستدانی ئەو كارەیە كە رۆژانە ئەنجامی دەدەیت، پێی وایە ئەوە گەورەترین تەنگژەیە لەسەر ئاستی تاك كە بەهۆی تەنگژەی دارایی نێودەوڵەتی رووبەڕووی دەبێتەوە، بۆیە گرنگە پلانێكی باشت هەبێت و لە ئێستەوە دەبێت بیر لەو پلانە بكەیتەوە، ئەویش بە داڕشتنی پلانێكی وەرزی یان نیو ساڵی، بە دیوێكی تر پلانەكانت لە نێون سێ بۆ شەش مانگ بێت، هاوكات تێبینی ئەوەش بە هەند هەڵگرە دۆخەكە لەوە خراپتر بێت. پێی وایە كاتێك پلانت هەیە ئەوا وادەكات ئەگەر رووبەڕووی تەنگژەی داراییش ببیتەوە دەتوانی لەسەر پێیەكانت بوەستی و پارەی كاشت لەبەر دەست دەبێت.

سارە كولز شارەزای ئابووری لە دامەزراوەی هارگریفیز لانسداون دەڵێ، باشترین كارێك كە بتپارێزێت لە داڕووخان دەرس وەرگرتنە لە تەنگژەی دارایی رابردوو، یان ئەو ماوەیەی رووبەڕووی كەمی داهات بووەتەوە، یان ئەزموونی بانكێك كە تەنگژەی دارایی لێی دەدات و شكستی پێ دەهێنێت، بەڵام دەبینین بەشی زۆری بانكەكان بڕێك پارە بۆ پارێزگاری كردن لە خۆیان بە جیا هەڵدەگرن.

سارە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان كە پارەكانیان نەخەنە یەك بانك لە ترسی ئەگەری تەنگژەی دارایی، بۆیە پێی وایە باشترین رێ چارە ئەوەیە هاووڵاتییان پارەكانیان لە چەند بانكێك هەڵگرن بۆ ئەوەی بتوانن لە تەنگژەی دارایی پارێزراو بن. 

جێی باسە لە 2008 تا 2009، دنیا بە تەنگژەیەكی مەترسیداری ئابووری و دارایی تێپەڕی كە بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە لەوانە یۆنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و فڕەنسا تا ئاستێك، بەڵام بە پشتیوای یەكێتیی ئەوروپا ئەو وڵاتانە لە كەوتن رزگاریان بوو. هاوكات وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتیش كە تاكە سەرچاوەی داهاتیان نەوتە، لە 2014 رووبەڕووی تەنگژەیەكی دارایی و ئابووری سەخت بوونەوە كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوت لە سەرووی 100 دۆلارەوە بۆ كەمتر لە 30 دۆلار دابەزی و تەنگژەكەش تا ئێستە لە هەندێك وڵات بەردەوامی هەیە وەك ڤەنزوێلا كە دووچاری داڕمانێكی سەختی دارایی بووەتەوە، بەڵام دوای رێككەوتی ئۆپیك لە 2016 و بەرز بوونەوەی نرخی نەوت لە 2017 و 2018، بە گشتی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دۆخی ئابوورییان كەمێك جێگیرتر بووە.



وشە - فه‌رمان سادق