ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆ دەبێتەوە

:: PM:08:57:16/12/2018 ‌
دوای ئەوەی كۆسۆڤۆ بڕیاری پێكهێنانی سوپایەكی سەربەخۆی راگەیاند، لەسەر داواكاری سڕبیا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو پرسە  كۆ دەبێتەوە.

سبەی دووشەم 17ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەكی بە پەلە رێك دەخات دوای ئەوەی كۆسۆڤۆ بڕیاری پێكهێنانی سوپایەكی تایبەت بەخۆی راگەیاند و سڕبیایش سكاڵای لە ئەنجوومەنەكە لەسەر تۆمار كردووە.

بڕیارە سبەی سەعات سێی پاش نیوەڕۆ بە كاتی نیویۆرك، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەكی بە پەلە رێك بخات لەسەر داوای سڕبیا، دوای ئەوەی میلان میلانوفیچ نوێنەری سڕبیا لە نەتەوەیەكگرتووەكان نامەیەكی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد و تێیدا ناڕەزایەتی وڵاتەكەی نیشاندا لەسەر دامەزراندنی سوپایەكی سەربەخۆ لەلایەن كۆسۆڤۆ.

نێردەی سڕبیا لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە نامەكەیدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە كە چاوخشاندنەوەی بە دامەزراوەی حوكمی زاتی كاتی بدات لە بریشتینا كە هێزە تەناهییەكانی كردووە بە سوپا.

ئەو دەڵێ "ئەو بڕیارەی كۆسۆڤۆ پێشێلكارییەكی دیاری بڕیاری ژمارە 1244ی ساڵی 1999ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، كە داوا دەكات پێویستە هێزی تەناهی نێودەوڵەتی لەو ناوچە هەبن بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی ئارام بۆ هەموو هاوڵاتیانی دانیشتووی كۆسۆڤۆ كە بڕیارەكە باس لە دامەزراندنی هێزێكی سوپای چەكدار ناكات".

زیاتر گوتی "بڕیارەكە دەبێتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەر ئاشتی و تەناهی ناوچەكە، بەمەش بازنەی نا سەقامگیری لە ناوچەكە زیاتر دەكات".

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتریش ئەلكساندەر فوچیچ سەرۆكی سڕبیا رای گەیاند بوو كە وڵاتەكەی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە لەسەر ئەو پێشوەچوونانەی كۆسۆڤۆ كۆ ببێتەوە كە لەگەڵ دیالۆگ و ئاشتەوایی نەگونجاوە.

جێی باسە پەرلەمانی كۆسۆڤۆ رۆژی هەینی رابردوو 14ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، تاك لایەنە بڕیاری دامەزراندنی سوپایەكی بۆ وڵاتەكەی راگەیاند كە لە پێنج هەزار سەرباز پێك دێت، لەسەر بنەمای ئەو هێزەی پێشتر لە وڵات بە ناوی هێزی تەناهی هەبوون، راستەوخۆ كران بە سوپای وڵات.

ئەو هەنگاوەی كۆسۆڤۆ لەلایەن سڕبیا و یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆ و نەتەوەیەكگرتووەكان رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و هەموویان كۆك بوون لەسەر ئەوەی پێویستە كۆسۆڤۆ پابەند بێت بە بڕیاری 1244ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.



وشە - فه‌رمان سادق