هەڕەشەی هێلەك زەردەكان دەگاتە رووسیا و توركیا

:: PM:09:50:16/12/2018 ‌

دوای ئەوەی لە فڕەنسا و بەلجیكا و هۆڵەندا دیار كەوتن و داوای لێخستنی حكوومەتی وڵاتەكانیان كرد، ئەمڕۆ لە رووسیا پۆلیسی ئەو وڵاتە حەوت كەسی لەوانەی بەشداریان لە خۆپێشاندانێك لەبەردەم دەزگای هەواڵگری كرد، لەوكاتەی دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی لە دروستبوونی خۆپێشاندانەكانی هاوشێوەی فڕەنسا كرد.

بزاوی ناڕەزایەتی هێلەك زەردەكان لە 17ی مانگی رابردوو لە پاریس دەستی پێ كرد دوای بڕیاری حكوومەتی فڕەنسا بە پێڕەوكردنی چەند سیاسەتێكی ئابووری لەوانە زیادكردنی باج بەسەر سووتەمەنی، بەوەیش ناڕەزایەتییەكان دەستیان پێ كرد و بۆ پێنجەم شەموو لەسەر یەك بەردەوامە و سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی حكوومەت، بەڵام خۆپێشاندانەكان بەردەوامن و بەشێكیان داوای رووخانی ئیمانوێڵ ماكڕۆن دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم دەیان كەس لەبەردەم لوبیكانا، بارەگای مێژوویی دەزگای هەواڵگری رووسیا لە مۆسكۆ كۆ بوونەوە و پۆلیسی رووسیایش حەوت خۆپێشاندەری گرت، بەشێك لە خۆپێشاندەران هێلەكی زەردیان لەبەر بوو و ناڕەزایەتییەكانیش لە دژی پێشێلكاری هێزە تەناهییەكان بووە، وەك "فرانس پرێس" بڵاوی كردەوە.

جیا لەوەیش پۆلیسی رووسیا پێنج كەسی تری لەبەردەم بارەگای وەزارەتی تەندروستی لە مۆسكۆ گرت لە خۆپێشاندانێكی بێ مۆڵەت، وەك رادیۆی دەنگی مۆسكۆی بەرهەڵستكار لە چالاكێكی گواستەوە.

سێشەمی رابردوو ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا رای گەیاند كە بانگەشەكردن بۆ خۆپێشاندانی رێگە پێ نەدراو رەنگە دۆخەكە بۆ پشێوی ببات بە هاوشێوەی ئەوەی لە پاریس بەهۆی ناڕەزایەتی هێلەك زەردەكان رووی دا، ئەو لەبەردەم ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ گوتی، نامانەوێت لە وڵاتمان رووداوێك روو بدات كە تیایدا هەموو شتێك بێتە سووتاندن.

لای خۆیەوە دوێنێ شەموو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا نیگەرانی خۆی لە بانگەشەی چەند كەسایەتییەكی بەرهەڵستكاری ئەو وڵاتە پێشان دا بۆ رێكخستنی ناڕەزایەتی لە شەقامەكان بە هاوشێوەی ئەوەی لە فڕنسا روو دەدات.

وەك رۆژنامەی "حوریەت دەیلی"ی توركی گواستییەوە، ئەردۆغان وریایی لە كۆپیكردنی ئەزموونی هێلەك زەردەكان دا، ئەوەیش لە دوای ناڕەزایەتییەك بە سەرۆكایەتی كەمال كولیچدارئۆغڵۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری بەرهەڵستكار هاوكات لەگەڵ خۆپێشاندانەكانی پاریس.

ئەردۆغان لە ئاهەنگێك لە پارێزگای دینیزلی گوتی، ئامادەسازی دەكرێت بۆ سازكردنی خۆپێشاندان، بەڵام ئەوانەی ئەو كارە دەكەن هیچیان دەست ناكەوێت و باجێكی گەورە دەدەن. بەراستی نەنگییە كە ئەوان داوا لە خەڵك دەكەن بڕژێنە سەر شەقامەكان، بەڵام دادگا رێگە بەوە نادات و وا مەزانن ئێرە پاریسە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل