میسی سەركەوتنێكی گەورەی پێشكەش بە بەرشەلۆنە كرد

:: AM:09:10:17/12/2018 ‌

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە سەركەوتنێكی تری لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیڤانتی تۆمار كرد و بەمەش پێشەنگی یانەكانی بۆ خۆی قایمتر كرد.

شەوی رابردوو لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 16ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا یانەی بەرشەلۆنە بووە مێوانی یانەی لیڤانتی و یارییەكەشی بە ئەنجامێكی گەورە و بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە.

لەو یارییەدا لیۆنێل میسی كاپتن و ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و توانی 3 گۆڵ (هاتریك) لە خولەكانی 43، 47 و 60 تۆمار بكات، هەروەها دوو گۆڵەكەی تریشی بۆ هاوڕێكانی لویس سوارێز لە خولەكی 35 و گیرارد پیكێ لە خولەكی 88 دروست كرد.

بە تۆماركردنی ئەم 3 گۆڵە میسی هاتە پێشەنگی گۆڵاكارانی خولی ئیسپانیا بە 14 گۆڵ و سوارێزیش هاوتای كریستیان ستوانی هێرشبەری یانەی گیرۆنا بە 11 گۆڵ هاتە ریزبەندی دووەمی گۆڵكارانی خولەكە.

یانەی بەرشەلۆنە بەم سەركەوتنە گەورەیە و بەكۆكردنەوەی 34 خاڵ هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە، یانەكانی سڤیلییە و ئەتلەتیكۆ مەدریدیش بە 31 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی دووەم و سێیەم دێن و یانەی ریال مەدریدیش بە 29 خاڵ لە ریزی چوارەمە.

ئەنجامی یارییەكانی تری دوێنێ یەكشەمی گەڕی 16ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەمشێوەی خوارەوە بوون:-

سڤیلییە 2-0 گیرۆنا

ئیسپانیۆل 1-3 ریال بیتیس

هویسكا 2-2 ڤیاڕیال

 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م