شاكیری یانەی لێڤەرپوولی گەڕاندەوە پێشەنگ

:: AM:09:26:17/12/2018 ‌

شەوی رابردوو یانەی لێڤەرپوول لە گەڕی 17ی خولی نایابی ئینگلیزیدا سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی مانچستەر یونایتدی ركابەری بەدەستهێنا و بەمەش یانەكە پێش یانەی مانچستەر سیتی كەوتەوە و گەڕایەوە پێشەنگی یانەكان.

یارییەكە لەنێو یاریگەی ئەنفێڵد بەڕێوەچوو و تێید یانەی لێڤەرپوول بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هەردوو یانەكە بە گۆڵێك یەكسان بوون، سەرەتا لە خولەكی 24 سادیۆ مانی گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەی لێڤەرپوول تۆمار كردبوو، دواترش لە خولەكی 33 جیسێ لینگارد گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی مانچستەر یونایتد تۆمار كردبووەوە.

لە گێمی دووەمیشدا تا خولەكانی 70 هەردوو یانەكە هەر بەیەكسانی مابوونەوە هەرچەندە یاریزانانی یانەی لێڤەرپوول بەتەواوی كۆنتڕۆڵی یاریگەیان كردبوو و یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتدیش بەتەواوی بەرگرییان دەكرد.

یورگن كلۆپی راهێنەری یانەی لێڤەرپوول لە خولەكی 70 شێردان شاكیری ئەستێرەی سویسڕی هێنایە نێو یاریگە و هەر ئەم یاریزانەش توانی ئەنجامی یارییەكە بگۆڕێ دوای ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە 10 خولەك 2 گۆڵی تۆمار كرد لە خولەكانی 73 و 80.

بەم سەركەوتنە یانەی لێڤەرپوول ژمارەی خاڵەكانی بۆ 45 بەرز كردەوە و بەجیاوازی خاڵێك پێشەنگی یانەكانی خولی ئینگلیزی لە یانەی مانچستەر سیتی سەندەوە، یانەی مانچستەر یونایتدیش بە 26 خاڵ هەر لە ریزبەندی 6ی یانەكان مایەوە.

دوێنێ یەكشەم هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 17ی خولی نایابی ئینگلیزی یانەی ئارسناڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تووشی شكستێكی چاوەڕواننەكراو بووەوە و بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی ساوتهامتۆن دۆڕا، یانەی چێڵسیش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا.

واتە دوای تەواوبوونی سەرجەم یارییەكانی گەڕی 17 ریزبەندی پێشەوەی یانەكانی خولی ئینگلیزی بەمشێوەی خوارەوەی لێهاتووە:-

1- لێڤەرپوول 45 خاڵ

2- مانچستەر سیتی 44 خاڵ

3- تۆتنهام 39 خاڵ

4- چێڵسی 37 خاڵ

5- ئارسناڵ 34 خاڵ

6- مانچستەر یونایتد 26 خاڵ
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م