زریان ئه‌حمه‌د نانه‌كه‌لى كه توێژه‌رێكى گه‌نجى كورده له هه‌ولێر، توێژینه‌وه‌یه‌كى نووسیوه و به ڕه‌هه‌ندى كۆچ باس له مێژووى سێ شارستانیی ده‌كات، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى مێژوونووسان پێشه‌كى بۆ كتێبه‌كه‌ى ده‌نووسێ و مێژوونووسێكیش پێى ده‌ڵێ، "كێشه‌ت ئه‌وه‌یه تۆ كوردیت، ئه‌گه‌رنا ده‌بوویت به خاوه‌ن ده‌سته‌واژه‌یه‌كى گرنگ له مێژوودا".
یه‌كێك له‌و توێژینه‌وانه‌ى وه‌ك كتێب له بوارى مێژوو ناسراوه و له زانكۆ ده‌خوێنرێت، كتێبى "پوخته‌یه‌ك له مێژووى شارستانیهتییهكانى سۆمه‌رى و ئیسلامى و ئه‌مه‌ریكا"یه كه له‌لایه‌ن توێژه‌رى گه‌نج زریان ئه‌حمه‌د نانه‌كه‌لى نووسراوه. ئه‌م كتێبه "كۆچ" ده‌كاته پێوه‌رێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى سێ شارستانیى جیاواز له یه‌كتر له دووتوێى كتێبێكدا.
زریان ئه‌حمه‌د له‌باره‌ى ئه‌م كتێبه و وه‌ك ناساندنێكى ساده بۆ "وشه" گوتى، "له بنه‌ڕه‌تدا توێژینه‌وه‌یه‌كى ئه‌كادیمییه و تا ئاستێك كتێبێكی میتۆدیه كه قوتابیانی به‌شه‌كانى مێژوویی له زانكۆ ده‌توانن له چه‌ندان قۆناغ سوود له‌م كتێبه وه‌ربگرن".
زریان ئه‌حمه‌د له‌و توێژینه‌وه‌یه‌ى باس له سێ شارستانیى جیاواز ده‌كات، ئه‌وانیش شارستانییه‌كانى "سۆمه‌رى و ئیسلام و ئه‌مه‌ریكییه" ره‌نگه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى خێرا سه‌یرى ناونیشانى كتێبه‌كه بكه‌ین، ئه‌وا بپرسین چى ئه‌م سێ شارستانییه جیاوازانه به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام زریان ده‌ڵێ، "كۆچ ئه‌م سێ شارستانییه به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه، كه هه‌رسێ شارستانیی له ئه‌نجامی كۆچ دروست بوونه، خاڵه هاوبه‌شه‌كانی هه‌رسێ شارستانیش زۆرن، به‌ڵام یه‌كێك له‌وانه به‌رده‌وامبوونیانه تا ئێسته‌یش، به‌ڵێ هه‌ریه‌ك له‌و سێ شارستانییانه تا ئێسته‌یش كۆمه‌ڵێك شتیان هه‌یه كه مرۆڤایه‌تی سوودیان لێ ده‌بینێت و به‌كاریان دێنێت، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه هه‌رسێ شارستانیی زیندوون".
دواى ئه‌م وه‌ڵامه، ئه‌م توێژه‌ره گه‌نجه بۆ "وشه" باسى له‌وه كرد كه كتێبه‌كه‌ى له سێ به‌شى سه‌ره‌كى پێكهاتووه و هه‌ر به‌شێكى ته‌رخان كراوه بۆ شارستانییه‌ك، له‌باره‌ى به‌شى یه‌كه‌م زریان گوتى، "له به‌شی یه‌كه‌مدا باس له كۆچی هیندۆئهوروپییهكان كراوه كه له ئه‌نجامی ئه‌و كۆچه درێژخایه‌نه، شارستانیی سۆمه‌رییه‌كان هاتووه‌ته بوون و به فراوانی باس له داهێنانی سۆمه‌رییه‌كان كراوه، هه‌ر له‌م به‌شه‌دا ئه‌وه ڕوون كراوه‌ته‌وه كه ئایا كورد سۆمه‌رین یان سوودیان له شارستانیی سۆمه‌رى وه‌رگرتووه".
هاوشێوه‌ى شارستانیى سۆمه‌رى، شارستانیى ئیسلامیش به كۆچ ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش له به‌شى دووه‌مى كتێبه‌كه باس كراوه. زریان ده‌ڵێ، "شارستانیى ئیسلام به كۆچی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام محه‌مه‌د بۆ شاری مه‌دینه هاته كایه‌وه و بناغه‌ی ئه‌و شارستانییه دانرا، كه نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور بوو و به (ده‌ستوورى مه‌دینه) به‌ناوبانگه، هه‌ر له‌م به‌شه‌دا باس له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شارستانیی ئیسلامی كراوه و دواتریش باس له‌و داهێنانانه كراوه كه زانا مسوڵمانه‌كان هێناویانه‌ته كایه‌وه، كه ئه‌م كۆچه به كۆچێكی مامناوه‌ند داده‌نرێت له مێژوودا".
وه‌ك له مێژوودا زانراوه ئه‌مه‌ریكا وه‌ك پانتاییه‌كى جیۆگرافى له ئه‌نجامى كۆچكردنێك دۆزرایه‌وه و وه‌ك شارستانی ئه‌میش به‌رهه‌مى كۆچكردنه، توێژه‌ر بۆ ناساندنى به‌شى سێیه‌مى توێژینه‌وه‌كه‌ى باسى له‌وه كرد، "هه‌ر له‌م به‌شه‌دا ئه‌وه‌م خستووه‌ته ڕوو كه (كۆڵۆمبس) یه‌كه‌م كه‌س نه‌بووه كه چووه‌ته سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكا و دۆزیبێتیه‌وه، هه‌ڵبه‌ته به پشتبه‌ستن به‌سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراوی مێژوویی سه‌لماندوومانه كه سه‌ره‌تا ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن مسوڵمانهكانهوه دۆزراوه‌ته‌وه، هه‌ر له‌و به‌شه‌دا باس له ده‌ركردنی ئه‌وروپییه‌كان له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكا و نووسینه‌وه‌ى ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكی و داهێنانی زانا ئه‌مه‌ریكییه‌كان له بواره جیاجیاكان كراوه".
زریان باسى له‌وه‌ش كرد كه كتێبه‌كه‌ى له 235 لاپه‌ڕه پێكهاتووه و له‌لایه‌ن نووسینگه‌ى ته‌فسیر چاپ كراوه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له به‌شه‌كانى مێژوو ده‌خوێنرێت، له ماوه‌یه‌كى كه‌م له بازاڕ نه‌ماوه‌ته‌وه و به‌منزیكانه چاپى دووه‌مى بڵاو ده‌كرێته‌وه.
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه چه‌ندان جار له‌لایه‌ن نووسه‌ران و مێژوونووسان ستایش كراوه، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن دكتۆر قادر پشده‌رى كه سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى مێژوونووسان و مامۆستاى زانكۆیه پێشه‌كى بۆ كتێبه‌كه نووسراوه.
دانا شوانى توێژه‌ر و نووسه‌ر كه له‌باره‌ى ئه‌م كتێبه‌ى نووسیوه، تێبینى ئه‌وه‌ى كردووه زریان ئه‌حمه‌د نانه‌كه‌لى توێژه‌رێكى سه‌رسامه به سۆمه‌رییه‌كان، زریان بۆ "وشه" باسى له هۆى سه‌رسامبوونى خۆى كرد بۆ شارستانیى سۆمه‌رییه‌كان و گوتى، "سۆمه‌رییه‌كان به ڕۆحی شارستانیی و داهێنان داده‌نێم، بۆیه زۆرترین كات گرنگیم پێ داون و گرینگیشیان پێ ده‌ده‌م، جۆرێك له خۆشه‌ویستیم بۆ شارستانییهكهیان دروست بووه به‌هۆی داهێنانه ناوازهكانیانهوه".
كاتێك زریان وه‌ك ده‌یان توێژه‌رى تر‌ى عه‌ره‌ب و ناوچه‌كه به شارستانیى سۆمه‌رییه‌كان سه‌رسامه، له‌م ده‌رفه‌ته‌دا پرسیارى ئه‌وه‌مان لێ كرد، بۆچى ره‌چه‌ڵه‌كى سۆمه‌رییه‌كان تا ئێسته ونه، ئه‌وان له كوێوه هاتوون؟ زریان گوتى "له بابه‌تی سۆمه‌رییه‌كان ئه‌و زانیارییانه‌ى تا ئێسته ونن و نه‌گه‌یشتوون به ئێمه، زۆر زیاترن له‌و زانیارییانه‌ى له به‌رده‌ستن و كۆ كراونه‌ته‌وه له‌سه‌ر سۆمه‌رییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوون بووه‌ته‌وه سۆمه‌رییه‌كان یه‌كێكن له گه‌لانی هیندۆئه‌وروپی و له ئه‌نجامی كۆچێكی درێژخایه‌ن له‌و ناوچه‌یه گیرساونه‌ته‌وه".
ساڵانه ده‌یان توێژینه‌وه له پله‌ى جیاجیا له بوارى مێژوو له زانكۆكانى كوردستان پێشكه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵام زۆر كه‌میان تایبه‌تن به مێژووى شارستانییه‌كان، به‌ڵام زریان هه‌ڵساوه توێژینه‌وه‌كه‌ى له‌م بواره‌دا ئه‌نجام داوه، ئه‌و له‌باره‌ى توێژینه‌وه‌كه‌ى گوتى، "له‌باره‌ى شارستانیی یان سۆمه‌ری و ئیسلامی و ئه‌مه‌ریكا به‌جیا كتێب زۆرن، به‌ڵام تا ئێسته له هه‌موو دنیادا كتێبێك نییه له‌باره‌ی (ڕه‌هه‌نده‌كانى كۆچ له دروستبوونی شارستانیه‌ت) كه له بنه‌ڕه‌تدا كتێبه‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه ناونیشانه‌كه‌ی بوو، به‌مشێوه‌یه نه‌بوو كه به كتێب چاپ كراوه، جارێك مێژوونووسی ناوداری كورد (د. عوسمان عه‌لی) پێی گوتم كێشه‌ی تۆ ئه‌وه‌یه كوردی، ئه‌گه‌رنا ده‌بووی بهداهێنهرى ده‌سته‌واژه‌ی (ڕه‌هه‌نده‌كانی كۆچ له دروستبوونی شارستانیه‌ت)، به‌ڵام كه كوردی كه‌س بایه‌خت پێ نادا، بۆیه تا ئێسته نه‌ك له كوردستان، به‌ڵكو له دنیایشدا كتێبێك به‌و شێوازه‌ى ئێمه نییه".
هه‌رچه‌نده زریان ئه‌حمه‌د كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌ى ئه‌نجام داوه، به‌ڵام وه‌ك كتێب پوخته‌یه‌ك له مێژووى شارستانییه‌كان یه‌كه‌م كتێبى ئه‌وه چاپ كرابێت، زریان له كۆتایى قسه‌كانى بۆ" وشه" گوتى، "خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه و بابه‌تی مێژووییم له گۆڤار و ڕۆژنامه جیاجیاكان، دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له دكتۆر و پڕۆفیسۆر له بوارى مێژوو له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك كتێبێكمان له‌ژێر چاپه به‌ناوی (ئاینی زه‌رده‌شتی)، له هه‌مان كاتدا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌م نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌م بكه‌م به‌كتێب به‌ناونیشانی (كوردستانی باشوور له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانى و به‌ریتانیا له ساڵانی 1901 – 1918) كه له داهاتوویه‌كی نزیك له‌گه‌ڵ دكتۆر (عوسمان عه‌لی) ده‌یكه‌ین به‌كتێب".