سائیروون: ئەگەر فەیاز بكرێتە وەزیری ناوخۆ تەنگژەی گەورە روودەدات كە كەس بەرگەی ناگرێت

:: AM:09:44:17/12/2018 ‌

ئەمرۆ دووشەم 17ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، جاسم حلفی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون هۆشداریدا لە كاندید كردنی كەسانی نا سەربەخۆ بۆ پۆستە تەناهییەكان، پێی وایە بوونی ئەوان لەو پێگە باڵایانە وڵات رووبەڕووی تەنگژەیەكی نوێ دەكاتەوە كە كەس بەرگەی ناگرێت.
حلفی روونی كردەوە پێداگیری لەسەر كاندید كردنی كەسانی حزبی بۆ پۆستی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ كە دوو وەزارەتی تەناهین، مەترسیدار دەبێت لەسەر دۆخی تەناهی عێراق، گوتی "باوەڕ ناكەم ئەو سەپاندنە بێ رەزامەندی سائیروون سەركەوتوو بێت".
"هاوپەیمانی سائیروون نوێنەرایەتی هێزێكی بەرفراوان دەكات لە پەرلەمان كە پشت ئەستوورە بە رای گشتی و جەماوەر، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانە ئەوە لەبەرچاو بگرن". پەرلەمانتارەكەی سائیروون وا دەڵێ، ئەوەشی خستەڕوو كە عادل عەبدولمەهدی دەیتوانی كەسانی بە توانا و دوور لە حزبی دەستنیشان بكات بۆ ئەو پۆستانە، بەڵام چووەتە ژێر باری گوشارەكان دوور لە پێوەری و مەرجەكانی لەگەڵ هاوپەیمانی سائیروون پێشتر رێككەوتنی لەسەر كرد بوو.
لەبارەی چارەسەری دۆخەكەش، حلفی دەڵێ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی بنەڕەتی باشترین رێگەیە بۆ رزگار كردنی عێراق لە تەنگژەیەكی نوێ كە هیچ لایەنێك بەرگەی ناگرێت، ئەویش كاندیدكردنی كەسانی بە توانا لە وەزارەتە تەناهییەكان خۆیان بە مەرجێك كەسانی بێ لایەن بن، بەڵام ئەگەر فەتح پێداگیری بكات لەسەر كاندید كردنی فەیاز ئەوا عێراق رووبەڕووی تەنگژەیەكی نوێ دەبێتەوە و خەڵك بێدەنگ نابێت و دەڕژێنە سەر شەقامەكان.

جێیی باسە پەرلەمانی عێراق زیاتر لە شەش جار دانیشتنی پەرلەمانی دواخستووە پێوەند بە متمانەدان بە هەشت وەزیرەكەی تری كابینەكەی عەبدولمەهدی، بەڵام بە هۆی ناكۆكی قوڵی نێوان لایەنە سیاسییەكان نزیك لە دوو مانگە نەتوانراوە وەزیر بۆ ئەو وەزارەتانە دەستنیشان بكرێت.



وشە - فه‌رمان سادق