ئەمڕۆ تیروپشكی قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ رادەكێشرێ

:: AM:10:12:17/12/2018 ‌

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم سەعات 2 بەكاتی كوردستان لە شاری نیۆنی سویسڕا رێوڕەسمی راكێشانی تیروپشكی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا (چامیۆنیس لیگ) بەڕێوە دەچێت.

بەگوێرەی سیستەمی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا هەر 16 یانەی سەركەوتوو بۆ 2 ئاست دابەش دەبن، ئەو یانانەی بە یەكەمی كۆمەڵەكانیان سەركەوتوون لە ئاستی یەكەمدا دەبن، یانەكانی ریزبەندی دووەمیش لە ئاستی دووەم دەبن.

ناوی سەرجەم یانەكانی ئاستی یەكەم لە كاتی ئەنجامدانی تیروپشكەكەدا لەنێو شوشەیەك دادەنرێ و ئاستی دووەمیش لەنێو شوشەیەكی تر، ئینجا هەر تۆپێك لە ئاستی یەكەم رادەكێشرێ و لەبەرامبەریشدا تۆپێكی تر لە ئاستی دووەم و ئەم دوو یانە لە قۆناغی 16 رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

بەڵام بەو مەرجەی ئەو تیپانەی لە قۆناغی كۆمەڵەكان رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە نابێت دووبارە لە قۆناغی 16 بەرامبەر یەكتر یاری بكەنەوە، هەروەها نابێت دوو تیپی یەك وڵاتیش لەم قۆناغەدا رووبەڕووی یەكتر ببنەوە.

ئەو یانانەی كە بەیەكەمی كۆمەڵەكانیان سەركەوتوون واتە لە ئاستی یەكەمن، یاریی یەكەم و چوونیان لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ئەنجام دەدەن و یاریی گەڕانەوەشیان لەنێو یاریگەی تیپی بەرامبەر لە ئاستی دووەم دەبێت.

ئەو یانانەی كە بەیەكەمی كۆمەڵەكان گەیشتوونەتە قۆناغی 16 یاخود لە ئاستی یەكەمدان برێتین لە یانەكانی (بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، بەرشەلۆنەی ئیسپانی، پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، پۆرتۆی پورتوگالی، ریال مەدریدی ئیسپانی، یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، مانچستەر سیتی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی).

یانەكانی ئاستی دووەمیش برێتین لە یانەكانی (ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی، تۆتنهامی ئینگلیزی، لێڤەرپوولی ئینگلیزی، شالكەی ئەڵمانی، رۆمای ئیتاڵی، مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی و ئۆڵەمپیك لیۆنی فڕەنسی).

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا پێشتر ئاشكرای كردبوو كە یارییەكانی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە رۆژانی 12 و 13ی یانیش لە رۆژانی 19 و 20ی شوبات (مانگی 2)ی ساڵی نوێ بەڕێوە دەچن، یارییەكانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 5 و 6 یان 12 و 13ی ئادار (مانگی 3) بەڕێوەدەچن.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م