ئیسرائیل لە دەرگای وڵاتانی عەرەبی هەوڵی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ فەلەستین دەدات

:: AM:10:38:17/12/2018 ‌
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند، لە هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، كە بەهۆی ناساندنی قودسی وەك پایتەختی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمەریكا گرژی تێكەوتووە، ئەوەشی خستەڕوو لە داهاتوودا لەگەڵ فەلەستینیش پێوەندییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتەری تایبەتی خۆی رای گەیاند كە گۆڕانكاری بەرچاو روویداوە لە پێوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ئەوان پێویستیان بە پێشخستنی تەكنەلۆجیا هەیە لە سێكتەرەكانی ئاو و كارەبا و تەندروستی و تەكنیكی، ئیسرائیل ئامادەیە لەو سێكتەرانەدا هاوكارییان بكات.

ئەوەشی خستەڕوو كە پێوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەمیشە لە هەڵكشان و داكشاندایە، بەتایبەت لە ئاستی كۆمپانیا ئیسرائیلییەكان و وڵاتانی عەرەبی، بۆیە "كار دەكەین بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی".

زیاتر گوتی "ئێستە كاتیەتی كە كار بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو پێوەندییانە بێ ئەوەی باسی پرۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ فەلەستین بكرێت، وڵاتانی عەرەبی لە هەوڵدان بۆ بەستنی پێوەندی لەگەڵ لایەنە بەهێزەكان، بۆیە ئەو هێزەی ئیسرائیل هەیەتی لە رووی دیپلۆماسی و پێشكەوتنەوە، رێ خۆش دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو پێوەندییانە". گوتی "بە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، رێخۆشكەر دەبێت بۆ رەخساندنی كەشێكی ئەرێنی بۆ باشتركردنی پێوەندییەكانی ئیسرائیل و فەلەستین لە داهاتوودا".



وشە - فه‌رمان سادق