سعوودیە سەركۆنەی هەڵوێستی كۆنگرێسی ئەمەریكا دەكات لەسەر خاشقچی

:: AM:10:41:17/12/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم 17ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، عەرەبستانی سعوودیە بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لە بارەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكی راگەیاند و پێی وایە، ئەوە دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی و رۆڵی سعوودیەی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەبەرچاو نەگرتووە.

ئەو هەڵوێستەی سعوودیە لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو كۆنگرێسی ئەمەریكی بڕیاری دا كە محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستانی سعوودیە تێوەگلاوە لە كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس و نووسەر لە ناو كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ، بەپێی بڕیار و یاسایەكەش بێت بن سەلمان ناتوانێت گەشت بكات بۆ ئەمەریكا.

بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رای گەیاند كە ریاز هەڵوێستی كۆنگرێسی ئەمەریكی رەت دەكاتەوە و بە دەستوەدران لە كاروباری سعوودیە لێكی دەداتەوە، ئەوەش رەت دەكاتەوە كە بەهەر جۆرێك لە جۆرەكان رەخنە لە پادشا یان جێنشین بگیرێت.

رەتكردنەوەی بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە كاتێكدایە كۆنگرێس لەسەر بنەمای وەرگرتنی گوتە لە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی "CIA" گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە بن سەلمان دەستی هەبووە لە كوشتنی خاشقچی.

جێی باسە جەمال خاشقچی لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو لەناو كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ كوژراوە، لیژنەی لێكۆڵینەوەی عەرەبستانی سعوودیە تا ئێستە 18 كەسی تۆمەتبار كردووە بە كوشتنەكە و ئێستە گیراون، بەڵام تا ئێستە لاشەی جەمال خاشقچی نەدۆزراوەتەوە لە كوێ حەشار دراوە.



وشە - فه‌رمان سادق