فەرماندەكانی پێشمەرگە لەبارەی كۆبوونەوەی لایەنەكان دێنە دەنگ

:: PM:02:11:23/12/2016 ‌

لە سەروبەندی ئاڵۆزی و ناكۆكییە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، فەرماندەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی شەڕ دژ بە تیرۆریستان لە خانەقینەوە تا شنگال، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و داوای یەكڕیزی و دانیشتنی لایەنە سیاسییەكان و كۆتاهێنانی ناكۆكییە سیاسییەكانیان دەكرد، ئێستەش دوای پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای حزبە سیاسییەكان، جارێكی تر فەرماندەكانی پێشمەرگەی كوردستان داوا دەكەن لایەنەكان لە ڕق و هەڵوێستەكان نەرمی بنوێنن، بۆ ئەوەی دانوستاندنەكان بە چارەسەر بگەن و لەو دۆخە هەستیارەی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێ، یەكڕیزی و ناوماڵی كورد رێك بخرێتەوە.

لە مانگی ئاب/ئۆگستسی ساڵی 2014ەوە، هەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەیەكی سیاسی بووە، ئەمە لە تەك تەنگژەی دارایی كە لە سەرەتای 2014ەوە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، بە تەواوی خەڵكی ماندوو كرد و هەمووان داوا دەكەن ئەگەر یەكدەنگ و یەكڕیز بن، دەتوانن بەسەر تەنگژەكان بە تەواوی سەر بكەون، بەڵام كاتێك هەمووان دژی یەك بن، ئەوا خەڵك ماندووتر و كێشەكانیش قووڵتر دەبنەوە.

یەكڕیزی كۆتا چارەسەرە
ناوچەكە بە قۆناغی هەستیار دەڕوا، عەرەبەكان خەریكی گەڕانن بە پایتەختی وڵاتانی دراوسێی عێراق و لایەنەكانی عێراق لە ئێستەوە بیر لە عێراقی دوای داعش دەكەنەوە، پێشمەرگە بێ چەكی پێویست و مووچەیەكی باش، زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سەنگەری دژ بە دوژمنان هەیە، یەكڕیزی هەوێنی و كۆتا ڕێگەچارەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەكان. لەوبارەوە مستەفا چاوڕەش فەرماندە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە وەك فەرماندەكانی پێشمەرگە لەگەڵ یەكڕیزی خەڵكی كوردستان و بوونی ئەنجامێكی باشی ئەو دانیشتنانەین كە لە نێوان حزبەكان ئەنجام دەدرێ، چونكە خەڵك چاوەڕوانە و هەمووان داوا دەكەن دابنیشن و ڕێك بكەون و بەرنامەیەك بۆ چارەسەری ئەو دۆخە ناهەموارەی خەڵك بخەنە ڕوو.



ئاماژەی دا، وەك پێشمەرگە بەردەوام لەگەڵ تەبایی و برایەتیی و پێكەوەژیانین، ئەم وڵاتە بەم ناكۆكییە بەردەوامانە نابرێ بەڕێوە، بۆیە هیوادارین ئەو كۆبوونەوانە ئەنجامی دڵخۆشكەریان بۆ خەڵك پێ هەبێ و هەموو لایەنەكان بگەن بە ڕێككەوتن، ئەمە هەڵوێستی و سیاسەتی فەرماندەكانی پێشمەرگەیە و بەردەوامیشین لەسەری.

حزبەكان نەرمی بنوێنن
لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی ناكۆكی لە نێوان حزبەكانی كوردستان هەبووە، زۆر دەستپێشخەری و هەوڵ هەبوو بۆ كۆتاهێنان بە كێشەكان و دانیشتنەوەی لایەنە سیاسییەكان، بەڵام بەهۆی سووربوونی حزبەكان لەسەر داواكانی خۆیان و نەرمی نەنواندن و نەڕەخساندنی كەشێكی گونجاو، دەستپێشخەرییەكیان سەریان نەگرتووە و دۆخەكە وەك خۆی ماوەتەوە، بەڵام ئەم جارە پەیامەكەی بارزانی پێشوازی لایەنەكانی لێ كرا و هەمووان هاتنە سەر خەت و شاندی پارتیش دەستی بە سەردانی لایەنەكان كرد، فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال عەمید سمێ بۆسەلی بۆ "وشە" گوتی، ئەمە چرایەكی ڕووناكییە كە هەموو لایەنەكان بەیەكەوە دابنیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەمە جێی دڵخۆشی زۆری پێشمەرگەی كوردستان و ئێمە پارێزەری خاك و خەڵكی خۆمان بووین و دەوروبەرمان بە دوژمن تەنراوە، پێویستە لایەنەكانیش چیتر كات بەفیڕۆ نەدەن و بگەن بە ڕێككەوتن.



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئێمە نابێ بگەڕێینەوە بۆ سفر و لەژێر دەستی خەڵك بژین، دەبێ لایەنەكانیش نەرمی بنوێنن تا بەزووترین كات بگەن بە ڕێككەوتن، پەیامەكەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە، ئێمەش وەك پێشمەرگە و وەك میلەتی كورد برسیبوونمان پێ باشترە لە خواردنی نانی ترس و ژێر دەستی خەڵكی تر.

ناكۆكیمان دڵی دوژمن خۆش دەكات
ناكۆكی و پەرتبوونی لایەنەكان هەریەك بەلایەكدا و نەمانی یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستان و بەردەوامی ململانێكان بەم شێوە ناتەندروستە، خزمەت بە دۆزی گەلی كوردستان ناكات و زیانی زۆرمان لێ دەدا، بۆیە ئەو فەرماندەیە ڕوو لە لایەنە سیاسییەكان دەكا و پێیان دەڵێ،‌ ئێستە كاتی پێشڤەچوون و پتەوكردنی هێڵی بەرگرییە نەك ناكۆكی و دابەشبوونی لایەنەكان و نابێ ناكۆكییەكانیش ببنە بیانوویەك و دڵی دوژمنی پێ خۆش ببێ.


وشە - باز ئه‌حمه‌د