50%ی زانكۆكانی ئەمەریكا هەڕەشەی داخستنیان لەسەرە

:: AM:11:10:17/12/2018 ‌
بەهۆی گرانی نرخی خوێندن لە زانكۆكانی ئەمەریكا، هاوكات كەمبوونەوەی خواستی خوێندنی زانكۆیی لەلایەن توێژی گەنجانەوە، مەترسی هەیە تا 10 ساڵی تر نیوەی زانكۆكانی ئەمەریكا دەرگاكانیان دابخەن و شكست بهێنن.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكانی ئەمەریكا رێژەیەكی زۆری زانكۆكانی ئەمەریكا ناچارن دەرگاكانیان دابخەن لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بەهۆی كەمی خواست لەسەر خوێندن لەلایەن توێژی گەنجان و دۆخی ئابوورییەوە.
شارەزایانی خوێندنی زانكۆیی لە ئەمەریكا پێشبینی دەكەن 50%ی زانكۆكانی ئەمەریكا لە 10 ساڵی داهاتوودا لەبەردەم دوو بژاردە بن، یان داخستن یانیش مایەپووچ بوون.
ئەو پێشبینییە پشت ئەستوورە بە كۆمەڵێك داتا و توێژینەوە، لەوانە ژمارەیەكی زانكۆكان توانای دابینكردنی سەرچاوەی داراییان نییە تا بەردەوام بن، بۆ كێبڕكێی مانەوە بەشێك لە زانكۆكان داشكاندنی خوێندنیان بۆ قوتابیان كردووە كە هی هەندێك زانكۆ گەیشتووەتە 50%، ئەمەش لە كاتێكدایە بەپێی توێژینەوەیەك هەر زانكۆیەك داشكاندنی زیاتر لە 35% بكات بۆ قوتابیانی ئەوا دەكەوێتە دۆخێكی دارایی قورس،بەتایبەت تا دێت كرێی خوێندن گرانتر دەبێت.
بەگوێرەی داتایەكی تری دەستەی ئاماری ئەمەریكی ئەوا 25%ی زانكۆكانی ئەمەریكا كورتهێنانیان لە بودجەی ساڵانەیان هەیە ئەگەرچی لە ژینگەیەكی ئابووری باشیش دان.
بەگوێرەی داتاكان، پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2026 ژمارەی قوتابی زانكۆیی بە رێژەیەكی بەرچاو كەم ببێتەوە بەهۆی كەمی خواست، بەمەش زانكۆكان رووبەڕووی بەریەكەوتنی گەورە دەكاتەوە لە كێبڕكێی دەستخستنی قوتابیان، ئەمەش ئاڵنگارییەكی گەورەیە لە داهاتوودا دێتە بەردەم زانكۆكان.

بەگوێرەی ئامارەكانی دەستەی ئاماری ئەمەریكی، لە ساڵی 2020ەوە خۆ تۆماركردن بۆ خوێندن لە زانكۆكان كەمی كردووە و بەشی زۆری ئەوانەی لە تەمەنی زانكۆیی دان، خۆیان ناونووس دەكەن لە پەیمانگە و ناوەندەكانی خوێندنی ئۆنڵاین بۆ فێربوون.



وشە - فه‌رمان سادق