میسی چەند ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی لە یارییەكەی شەوی رابردوو تۆمار كرد

:: PM:12:18:17/12/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەی شەوی رابردووی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیڤانتی 3 گۆڵ (هاتریك)ی تۆمار كرد و چەند ژمارەیەكی پێوانەیی نوێشی نووسییەوە.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 16ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێكی گەورە و بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی لیڤانتی بردەوە.

میسی بووە یەكەم یاریزان لە مێژووی یانەی بەرشەلۆنە زۆرترین سەركەوتن تۆمار بكات كە 323 سەركەوتنە لە خولی ئیسپانیا و پێش ئەفسانەی پێشووی یانەكەی چاڤی هێرناندێز كەوتەوە كە 322 سەركەوتنی لەگەڵ یانەكە هەبوو.

میسی لە یارییەكەدا 3 گۆڵی تۆمار كرد و دوو گۆڵەكەی تریشی بۆ لویس سوارێز و گیرارد پیكێ دروست كرد، پێشتر لە ساڵی 2010 بەرامبەر یانەی ئەلمیریا و لە 2011 بەرامبەر یانەی ئۆساسۆنا هەمان رێژەی تۆماركردن و دروستكردنی گۆڵی دووبارە كردبووەوە.

میسی بە تۆماركردنی ئەم هاتریكە، ژمارەی هاتریكەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان كردە 43 هاتریك.

میسی بووە یەكەم یاریزان زۆرترین رێژەی گۆڵ لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا لە وەرزی ئەمساڵ تۆمار بكات كە 14 گۆڵە، هەروەها یەكەم یاریزانیشە زۆرترین گۆڵ دروست بكات كە دروستكردنی 10 گۆڵە.

میسی هەروەها ژمارەی گۆڵەكانی لە ماوەی ئەمساڵدا كردە 50 گۆڵ، ئەمەش هەشتەمین ساڵە لە ماوەی 9 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 50 گۆڵ تۆمار بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م