مانچستەر یونایتد دوابڕیاری لەسەر پۆگبا دەركرد

:: PM:12:28:17/12/2018 ‌

یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دوایین بڕیاری خۆی لەسەر ئەستێرە فڕەنسییەكەی پۆڵ پۆگبا دەركردووە بۆ ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوو.

بەم دواییە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە پۆگبا بەهۆی ناكۆكی نێوانی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی ریزی یانەی مانچستەر یونایتد جێدێڵێ.

لای خۆیەوە یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا چەند دەستەوارەیەكی پێشكەش كردبوو بۆ كڕینی پۆگبا، بەڵام بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد داواكەیان رەت كردبووەوە.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: كارگێڕی یانەی مانچستەر یونایتد رەزامەندییان پێشانداوە بۆ دەستبەردابوونی پۆگبا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوودا.

بەگوێرەی رۆژنامەكە مۆرینۆ سەبر و ئارامی لەسەر پۆگبا نەماوە و پێیوایە كاریگەری خراپی كردۆتە سەر هەڵوێستی هاوڕێكانی لە یانەی ماچنستەر یونایتد، لەبەر ئەمە داوای كردووە مانگی داهاتوو بیفرۆشن.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە كارگێڕی یانەكە بڕیاریداوە پۆگبا بفرۆشێ تەنانەت ئەگەر مۆرینۆش لە پۆستەكەی نەمێنێ.

یانەكە هەروەها ئامادەیە پۆگبا بەشێوەی خواستنیش تا كۆتایی ئەم وەرزە بدات بەو یانەی كە دەیخوازێ و لە كۆتایی وەرزیش بەیەكجاری بیفرۆشێت، هەروەها پێشنیازی بۆ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵیش كردووە كە ئامادەن گۆڕینەوەی پێ بكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م