پێلێ ئامۆژگاری نیمار دەكات

:: PM:01:46:17/12/2018 ‌

پێلێی ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیل و جیهان رەخنەی لە ئەستێرە هاونیشتمانەكەی نیمار دا سیلڤای هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی گرت بەتایبەتیش بەهۆی هەڵسكەوتە نابەجێیەكان لەنێو یاریگەدا.

پێلێ بە تۆڕی (كەناڵ پڵەس)ی فڕەنسی راگەیاند: گومانم لەوەدا نییە كە نیمار دەتوانێ بگاتە ترۆپك و ببێتە ئەستێرەیەكی گەورەی تۆپی پێی جیهان، بەڵام لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردوویدا شێوازی یاریكردنی بەشێوەیەكی بەرچاو گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.

زیاتر گوتی: ئێستا نیمار گرینگی بە تۆماركردنی گۆڵ و پێشكەشكردنی ئاستی بەرز لە یارییەكان نادات بەڵكو تەنیا هەوڵی ئەوە دەدات بە خۆبەردانەوە سەرنجی ناوبژیوانان راكێشێ، ئەمەش كاریگەری خراپی كردۆتە سەر ژیانی وەرزشی لە رۆژنامە و دەزگاكانی راگەیاندندا.

پێلێ راشیگەیاند: ئەم قسانەم بۆ بەرژەوەندی نیمارە تا بگەڕێتەوە سەر ریگای راست و بێگومان لە ئامۆژگاریكردنیشی ناوەستم تا دەگەڕێتەوە سەر ئاستی جارانی، چونكە ئەو تا ئێستاش یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی جیهان.

پێلێ نموونەی مۆندیالی 2018ی رووسیای هێنایەوە كە نیمار چەند جارێك بە خۆبەردانەوە و نواندن هەوڵی دابوو سەرنجی ناوبژیوانان بۆ خۆی راكێشێ، بەڵام بە پێچەوانەوە ناوبژیوانەكان گرینگیان بە هەڵسوكەوتە هەڵەكانی نەداوە و فەرامۆشیان كردبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م